ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بەشداریی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق کرد و داوای کرد، "دەنگی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بگەیێننە یەک ملیۆن دەنگ."
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە لایەنگرانیان کرد، کوردستانیبوون رێبازیان بێت، "ئێمە وا فێرکراوین کوردستانیبوون رێبازمانە و پێکەوەژیانیش پەیامی ئێمەیە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، دەنگی پارتی بگەیێننە یەک ملیۆن دەنگ، گوتیشی، "بە دڵنیاییەوە ئەمجارە پارتی خاوەنی یەک ملیۆن دەنگە."
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی گەنجان کرد و گوتی، "پارتی حیزبی گەنجانە، قەڵغانی پاراستنی کوردستانە."
هەروەها جێگری سەرۆکی پارتی ئەوەی خستەڕوو، دەستووری عێراق هەموو مافەکانی گەلی کوردستانی تێدا نییە، "بەڵام دەستکەوتی باشیشی تێدایە، جێبەجێکردنی دەستوور گەرەنتیی ئارامی و سەقامگیریی عێراق بوو، دەستووریان جێبەجێ نەکرد، دەستووریان پشتگوێ خست، کارەسات و مەینەتی رووی لە عێراق کرد، بەوەی کە نەهاتنە سەر دەستووری عێراق و جێبەجێکردنی. دەمانەوێت پارتی بەهێز بێت، زیاتر لە بەغدا بەهێز بێت، بۆئەوەی بتوانین ئەو دەستوورە جێبەجێ بکەین، بۆیە دەڵێین، ئامانجی پارتی دەستوورە، بەوەش کە دەستوور جێبەجێ دەکرێت، پشتئەستوورە بە دەنگدەرانی خۆی، دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، بەوەی کە پارتی دەیەوێت بە کردەوە سیستمی فیدراڵی لە عێراق جێبەجێ بکرێت."
نێچیرڤان بارزانی بەشێکی قسەکانی تەرخان کرد بە پرسی مووچە و بودجە و گوتی، "پارتی دەیەوێت بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لە عێراق دا نە داوا بێت و نە کێشەش بێت، دەستوور گوتوویەتی، مووچە مافە. مووچە ئەوە نییە بە خێر کەسێک بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی بدات، مووچە مافی خۆتانە. بودجە مافە. بودجە دانانیش بۆ کوردستان پێویستە، ئەوەی بە دەستوور رێکخراوە، ناکرێ و نابێت بە نادەستووری تێکبدرێت، دەبێت ئێمە لەسەر ئەوە ئیسرار بکەین لە بەغدا."