Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قسەیەك لەبارەی ئاسایشی كۆمەڵگەوە

فازڵ میرانی

ئێمە لە نێوان چەند گرێبەستێکدا لە پێکەوەژیان و ململانێداین، شەریعەتی خودا گرێبەستێکە، یاسا گرێبەستێکە و گرێبەستێکی ڕەفتاری کۆمەڵایەتیشمان هەیە، چەندین ئایین لە وڵاتەكەی ئێمە هەن و ئازادیی بیروباوەڕیش لە ڕەفتار و كردەوەدا دەردەكەوێت، ڕەفتار، تێگەیشتنی تاک و کۆمەڵ بۆ ئەو باوەڕەی لە ویژدانیاندا هەڵیانگرتووە ئاشکرا دەکات و ئەوەیش لە کردار قسەكانیاندا ڕەنگ دەداتەوە.

شاراوە نییە و شتێکی نوێ و تازەش نییە، کە ململانێ لە نێوان دوو گەورەترین مەزهەبی ئیسلامیدا ڕوویداوە. سەرچاوە مێژووییەكان ئەمەیان نەشاردۆتەوە و تا ئەمڕۆش ئەو ململانێیە درێژ بۆتەوە و بەردەوامیشە، ناوی زۆرینەی قوربانییەکانیش لە دیكیۆمێنتی فەرمانگە فەرمییەکاندا تۆمار کراوە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی مەسەلەیەكی پاێرزراو نییە لە دەستكاریكردن، بەڵام دەستكارییەکی کوشندە و بێ باكانە، کە ئەگەر دەستی پێکرد، ڕاگرتنی قورس دەبێت.

هەموو دیوە گەش و پاکەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تەواوکەری یەکترن، لەبەرامبەریشدا دژی ئەوەمان هەیە و بریتییە لە دیوە ڕەش و قێزەونەکان، كە ئەوانیش تەواوکەری یەکترن، تەنیا ئەوەندە بەسە کە دیوێكی قێزەون هێرش بکاتە سەر دیوێکی گەش، شوێنەوارە خراپەکەی بۆ سەرجەم دیوە گەشەکانی تریش دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی دیوە قێزەونەکانی دیکەش، ددانە ناشیرینەكانیان دەربكەوێت.

هەر تاوانێك، لە تاوانێکی ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک تاوانی ئاڵۆز، ئەگەر سیفەتی پیرۆزیی یان شکۆمەندیی بخرێتە پاڵ ئەنجامدەرەکەی. بۆ نموونە، دوای دەستگیرکردنی یان خۆڕادەستکردنی، بکوژ لە تاوانێکی ئاساییدا، پاڵنەر و هۆكارەكانی تاوانەكەی بۆ لێکۆڵەر ڕوون دەکاتەوە و دەبێت دانپێدانانەکەشی ڕاستگۆیانە بێت و ئەنجامدەرێكی دیکەی تاوانەكە نەشارێتەوە، بەڵام کاتێک ئەو بکوژە پاساو بۆ تاوانەکەی بهێنێتەوە بەوەی کە “فەرمانێکی شەرعی” یان “ڕاسپاردەیەکی سیاسی”ی جێبەجێ کردووە، (ئەگەر بکوژەكە ڕاستی بڵێت)، ئەوا دەبێتە تاوانبارێکی زۆر ترسناکتر، چونكە مانای وایە کە لایەنی تاوانکار و جێبەجێکاری تاوانەكە، تەنیا یەک لایەن نییە و فەرمیش نییە، بەڵکو لایەنێکی دیکە هەیە کە بە مافی خۆی دەزانێت ڕکابەریی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بکات لە دانان و جێبەجێکردنی یاساکانی خۆیدا.

ئاساییە شتی وا ڕووبدات، (بێگومان ڕووشیداوە) کاتێک پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتێکی ستەمکار و ڕكابەرێكی خاوەن هەڵوێست لە ئارادایە. لەم حاڵەتەدا، ئەو بڕیارانەی ڕكابەرەكە دەیدات، تایبەتە بەو تاک و دامەزراوانەی کە سیاسەتی ستەمکارانەی دەسەڵات جێبەجێ دەکەن، بەڵام ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناکات کە دژی ویژدانێک بێت، بەدوای دادپەروەرییدا بگەڕێت. هەروەها وەك بڕیاردەر دەست لە ڕێكار و وردەکاری و زنجیرەی بەڕێوەبردنی کارەکان وەرنادات، بۆ نموونە، لەوانەیە ڕەخنە لە ڕۆتین و ئاڵۆزكارییە کارگێڕییەكان بگرێت و هەوڵی ئاسانکردنی بدات، بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی چەند بڕیارێکی ئاڵۆز لە ئارادایە، هەرگیز بڕیارێکی تایبەت بە مافی تاکەکان هەڵناوەشێنێتەوە.

دەڵێم: ڕووە گەش و ئامانجە پاکەکەی فێركردن، بریتییە لەوەی مرۆڤ توانای هەبێت بچێتە ناو قۆناغە ڕووناكەكان لە تێگەیشتنی پیت و وشەدا، چ لە نووسین و چ لە گوتندا، بەڵام ڕووە قێزەونەکەی بەرانبەری، بریتییە لە پێچەوانەی فەلسەفەی زانست و فێربوون و خیانەتکردنە لە ئەمانەت، ئینجا ئەگەر ڤایرۆسی وەک “گوشار، قۆرخكاری، زوڵم، بێبەشکردن”، تێکەڵ بە زانست و فێربوون بوون، چ لەلایەن مامۆستاوە بەرانبەر قوتابی یان لەلایەن دەسەڵاتێکی باڵاترەوە بەرانبەر هەردووکیان، ئەوا پرۆسەکە پووچەڵ و بەتاڵ دەبێتەوە، هەڵبەت ئەم نموونەیە بۆ سەرجەم ماف و ئەمانەتەکانی دیکەش هەر ڕاستە.

زاڵكردن و بەهێزکردنی تاکێک بەسەر تاکێکی دیكەدا، یان کۆمەڵێک بەسەر کۆمەڵێکی تردا، هەروەها هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو و بەکارهێنانی، نەک بۆ دادپەروەری، بەڵکو بۆ تۆڵەسەندنەوە و دەستکەوتی تایبەت، تاوانێکە بەرانبەر بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت، تاوان بەرانبەر بە ئاسایشی نێو كۆمەڵگە، هەرچەندە لەبەرچاوی ئەنجامدەرەکەیدا سنووردار دەربكەوێت، وەک تیرۆرکردنی تاکێک یان تۆمەتبارکردنی بە تەڵەكەبازی و پیلانگێڕی، یان دوورخستنەوەی بە ئەنقەست و بە مەبەست، کە هێز یان یاسا یان هەردووکیانی تیادا قۆرخكرابێت، لە ڕاستیدا تاوانێکە، کە کاریگەرییەکانی بڵاودەبێتەوە و تەشەنە دەكات.

لەسەر ئێمە پێویستە، لە کۆمەڵگەکەمان و لە دابەشبوون و لە فرەچەشنییەکانی تێبگەین، ئەگەر دەمانەوێت ببینە جێگرەوەیەکی باش بۆ خراپترین دەسەڵاتداری پێشوو، دەبێت هەوڵی پاراستنی ئەو ڕووە گەشانە بدەین کە ئەمانەتن و ئەو ڕووە قێزەونانەش لابەرین، کە دەستیان تێوەرداوە و تاوانیان کردووە و دەیانەوێت بەردەوامیش بن، پێویستە پارێزگاری لە پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییەکان بکەین و ڕێگری لە دزینیان بکەین.

ئەو دەسەڵاتەی لەنێو دامەزراوەکانیدا سەقامگیریی و بەرنامەی گەشەپێدانی واقیعی و جێبەجێکردنی هەبێت، هانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەدات، لەبری پەنابردن بۆ هێزی دەرەوەی دەسەڵاتە دادپەروەرەكە، هۆشیار ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە یەک سەرچاوەی بڕیاردان. بنەما و ڕێسایەكی کورت هەیە دەربارەی سنووری ئازادییەکان، کە دەڵێت: “سنووری ئازادیی تۆ، لەو شوێنەدا کۆتایی دێت کە سنووری ئازادیی ئەوانی تر دەست پێدەکات.”

پێوەرەکانی تەندروستیی کۆمەڵگا و دەسەڵات، یان بەواتایەکی وردتر، تەندروستیی دەوڵەت، بریتییە لە دڵسۆزی “وەلا”، ئەگەر دڵسۆزییەكە جۆراوجۆر و نزیک بووەوە لە ململانێی سڕینەوەی یەكتر، ئەوا بزانە کە دەوڵەت تووشی نەخۆشییەکی بنەڕەتی و کۆن بووە، نەخۆشییەکی لەمجۆرەش بەرگەی ناکۆکی و گوشاری زیاتر لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناگرێت.

لە ڕووی مێژووییەوە، مرۆڤ لەگەڵ کۆمەڵدا، سەرەتای گرێبەستەکانی ماف و ئەرکی ڕێکخستووە، دوور لە ڕەخنەگرتن لە کەموکوڕی و سادەیی تێگەیشتنی ئەو مرۆڤ و ئەم کۆمەڵگایە، بەڵام بیرۆکەکە هەموار و گۆڕانکاری گەورە و گرنگی بەخۆیەوە بینی و گرێبەستە دەستوورییەکان بیرۆكەی (تۆمارکردن، یاسادانان و جێبەجێکردن)ـیان لێ وەرگرت، كە هەمان شت هۆکاری هاتنەخوارەوەی شەریعەتە ئاسمانییەکانیش بوو، ئەوانیش بە شێوازەکانی خۆیان بنەماکانی ڕێکخستنی ژیان و سزا و پاداشت و لێپرسینەوەی ڕۆژی دواییان داڕشتەوە.

ئاسایشی کۆمەڵگا (یان كۆمەڵ)، لەسەر بنەمای لابردن و دوورخستنەوەی زوڵم و چەوساندنەوە و پەراوێزخستن دامەزراوە، بەر لە دیاركردن و دانانی سزا، تێگەیشتن و لەخۆگرتن دادەڕێژرێت، كە ڕقی لە “ڕەگەزپەرستی، دەمارگیری، گاڵتەپێکردن، زەوتکردن، شایەدیی ناحەق، درۆکردن و گەوجاندن” دەبێتەوە، هەردوو تەشریعەكە، شەریعەت و یاسا سەرکەوتووەکان، بناغەیان بۆ ئەو بیرۆکەیە داناوە، کە ڕێگری لە دەسەڵات بکرێت، (بە واتای دەستاودەستکردن)، ببێتە دەوڵەتێکی قۆرخکار و مافی ئەوانی دیكە بخوات، لەو حاڵەتە دەبێتە جێگەی چاوتێبڕینی شەڕانگێزەكان، کە دەیانەوێت هەموو شتێك بە ناڕەوا بۆ خۆیان بێت و ڕێگری لە هەوڵەکانی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکان بکەن.

ئەوانەی پابەندی بەربەستەکانی ویژدان و دادپەروەری نابن، لە ڕاستیدا تاوان بەرانبەر بە کۆمەڵگا و سەرجەم سامان و داهاتەكانی دەکەن، لە زەوی و ئاسمان و ئەوەی لە نێوانیاندایە و ئەوەی لەژێر خاکیشدایە، بەمەش چینێك لە خۆیان دروست دەکەن، کە چەندین چینی دیکەیان بەدواوە دێت و ئەوانی دیکەش ناچار دەکەن، یەکێک لەم سێ بژاردەیە هەڵبژێرن: ملکەچبوون، بەرەنگاربوونەوە، یاخود هەڵاتن.

تێگەیشتنێکی شێواوی لەمجۆرە، کە لە حەق و داننان بە مافەکاندا کورتبینە، منەت بەسەر کۆمەڵگادا دەکات بەو سامانەی، کە هی خودی کۆمەڵگایە، شوێنکەوتووی هەوا و ئارەزووەکانی خۆیەتی و خزمەتکاری ئەوانەیە، کە دەسەڵاتیان پێ دەدەن و پاڵپشتییان دەکەن، لێرەدا تاوانی گەورە ئەنجامدراوە، (تاوانی سوێندشکاندن و پێشێلکردنی مافی ئەوانی تر و خۆشاردنەوە بە پڕوپاگەندەی درۆزنانە)، ئەمەش دەبێتە هۆی چڕكردنەوەی بێ متمانەیی بەرانبەر بە خودی خۆی وەک کەسێک و بەرانبەر بە سیستەمەکەش بەگشتی، ئینجا ئەگەر مێژووی متمانەی نێوان خەڵک و سیستەمەکە خۆی قەیرانی قورسی متمانەی تێدا بووبێت، دەبێت بارودۆخەکە چۆن بێت..؟!

ئەو کەسانەی ستەمکارن یان هەوڵی خۆسەپاندن بۆ دەسەڵات دەدەن، چ بە توندی بێت یان بە شێنەیی، (ئەوانەی سوپاسگوزارەكانیان کەم و سکاڵاکارەكانیان زۆر بووە) لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگاوە، کە میراتگری ئازارەکانی دەستی شێوازە جیاوازەکانی حکومڕانییە، هەر لە سەربازییەوە تا حزبی تاکڕەو، خۆیان دەبنە نموونەیەکی دیکەی حوکمڕانییەک، کە ئامانجی گەشەپێدانی بەرژەوەندیی تاکەکەسییە لە ڕێگەی فڕوفێڵێكەوە، خۆی بەدوور دەگرێت لە مێژووی ململانێ ئایدیۆلۆژییە کۆنەکان، بەمجۆرەیش بانگەشەی ئەوە دەكەن كە سەربە چاکەکارانن، بەڵام لە ئیستادا خۆیان هەمان ئەو کارانە دەكەن، کە دوژمنە شەڕانگێزەكانی دوێنێ دەیانکرد.

خوێن، شەڕەف، گیان، عەقڵ و ماڵ و سامان، هەموویان ئەمانەتن، دەبێت فەرمانڕەوا پێش هەمووان پێیانەوە پابەند بێت و بیانپارێزێت، بۆ ئەوانەی لە ئەستۆی ئەودان، ئەگەرنا، هیچ گلەییەکی لێ ناکرێت کاتێک خۆی سەرپێچی دەکات و بەهۆیەوە ئەوانی دیکەش هەمان سەرپێچی دەکەنەوە، هەروەها، شەریعەت و ئەو ژن و پیاوانەی پێشتر، لەوە پاکتر و بەرزترن، کە کەسانێک دەستدرێژییان بکەنە سەر و بیانکەنە بیانوو بۆ ئامانجگەلێک، کە پێشتر هەر بۆ بەرگریکردن لەو ئامانجانە شمشێرەکانیان ملی ئەوانەی بڕیووە و ستەمیان لە خەڵک دەکرد و خراپەكارییان لەسەر زەوی بڵاودەکردەوە.

بسم الله الرحمن الرحیم

و یَا قَوْمِ أَوْفُوا الْمِكْیَالَ وَالْمِیزَانَ بِالْقِسْطِ وَلَا تَبْخَسُوا النَّاسَ أَشْیَاءَهُمْ وَلَا تَعْثَوْا فِی الْأَرْضِ مُفْسِدِینَ.

صدق الله العظیم

 

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن