کەرکووک-KDP.info- سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن لەسەر داواکاریی سەرۆک بارزانی بە شێوەیەکی ھێمن و ئارام بەڕێوە دەچێت و دەشڵێ، ئامانجی ئێمە ئەوەیە خەڵک بە شێوەی کارا بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەن، بۆ ئەوەی کورسییەکانی پارتی زیاد بکەن و لە بەغدا بەرگری لە مافی خەڵک بکەین.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی ژمارە یەک و سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پرۆسەی بانگەشە لە پارێزگای کەرکووک بە شێوەیەکی ھێمن و ئارام بهڕێوهدهچێت و ئامانجیشمان ئەوەیە کورسییەکانی کورد لە کەرکووک بپارێزین، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ھەندێک پێشێلکاری ھەن وەکو دڕاندنی پۆستەر و وێنەی کاندیدان، بەڵام بە گشتی پرۆسەی بانگەشە بە ئارامی بەڕێوە دەچێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها ڕوونیشی کردەوە، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە لە کەرکووک بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوە بچێت، کە ھەموو حزبە کوردییەکان بەڵێنیان داوە، خەڵکی کەرکووکیش بەوەفان و ڕێز لە مێژوو و قورانیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرن، چونکە ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا زۆر ھەوڵمان داوە بۆ ئەوەی دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و خزمەتی ھاووڵاتیان بکرێت، لەبەر ئەوەی بەڕێز مەسروور بارزانی لە قسەکانی خۆیدا جەختی لە قسەکانی سەرۆک بارزانی کردووەتەوە، کە ئێمە ھەڵگری پەیامێکین نابێت بانگەشە ببێتە ھۆی بێزارکردنی خەڵک و پێویستە پرۆسەکە بە شێوەیەکی شارستانیانە بەڕێوە بچێت.
دەشڵێ، لە ساڵی ٢٠٢١دا ھەموو پۆستەرەکانی ئێمەیان دڕاند، بەڵام دەنگی یەکەممان بەدەست ھێنا، ئەوەش بە پشتبەستن بە دۆزەکەمان، داواشمان لە خەڵکی کەرکووک ھەیە بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەن و دەنگ بە پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی کورد لە کەرکووک بدەن، بۆیە ئامانجی ئێمە زیادبوونی کورسییەکانمانە بۆ ئەوەی باشتر بەرگری لە دۆزی ڕەوای کورد لە بەغدا بکەین.
بڵند ئیبراھیم