Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی خانەقین: خەڵکێکی داخ له‌ دڵ پۆستەر و وێنەی کاندیدی ئێمە دەدڕێنن

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ده‌ڵێ، بانگەشە بۆ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین باش بەڕێوە دەچێت و کاندیدێکی بەھێزمان ھەیە و ئومێدی زۆرمان ھەیە بۆ پەرلەمانی عێراق سەرکەوێت، بۆ ئەوەی خزمەتی ھەموو چین و توێژەکان بەبێ جیاوازی بکات.

ئەکبەر حەیدەر خان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن سەرەڕای ئەوەی پۆستەر و وێنەی کاندیدی ئێمە دەدڕێنن، بەڵام بە گشتی باش بەڕێوە دەچێت و کاریگەری لەسەر بانگەشەی ئێمە نابێت و خەڵکێکی داخ له‌ دڵ ھەیە لەناو ئەو ھەموو کاندیدە دێن وێنەی کاندیدی ئێمە دەشێوێنن، بۆیە ئێمە ھەوڵ دەدەین بانگەشە بە شێوەی شارستانی و ھێمن بەڕێوە بچێت و زیادەڕۆیی ناکەین و نابینە ھۆی بێزارکردنی خەڵک، بەڵام لە کەسیش قبووڵ ناکەین زیادەرۆیی بۆ سەر مافی ئێمە بکات.

بەرپرسی لقی ۱٥ گوتیشی، ئێمە لە سنووری بازنەی دیالە یەک کاندیدی ئافرەتمان ھەیە  مامۆستای زانکۆیە بەناوی ماموستا (نازک ئەحمەد) کە ماستەری لە زمانی عەرەبیدا ھەیە و شارەزایی باشیشی لە سنوورەکە ھەیە، کە جیاواز لە عێراق و کوردستان کاندیدی ئێمە لە لیستی ٢٤١ ھاوپەیمانیی عەزمە، بۆیە خەڵکی خۆمان لە سنوورەکە پێشوازییەکی زۆر باشی لێ دەکەن و زیاتر فۆکسمان لەسەر ئەو دەنگدەرانەیە کە دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرن، بۆ ئەوەی پشتیوانیی کاندیدی ئێمە بکەن، تاوەکو کە چووە پەرلەمان خزمەتی ھەموو چین و توێژەکان بێ جیاوازی بکات.

دەشڵێ، ئومێدی زۆرمان ھەیە کاندیدەکەمان دەربچێت و گەشبینین و بڕیاریشە بۆ ناساندنی کاندیدی خۆشمان لە خانەقین کەرنەڤاڵێک ساز بکەین، بۆ ئەوەی کاندیدەکەمان بۆ پەرلەمانی عێراق سەرکەوێت.

 

بڵند ئیبراھیم