Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان: مه‌سیحییه‌كان پێكهاته‌یه‌كى ڕه‌سه‌نى كوردستانن

ھەولێر-KDP.info-  پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2025/10/16 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ قه‌داسه‌تى پاتریارك مار ئه‌غناتیۆس ئه‌فرامى دووه‌م، پاتریاركى كه‌نیسه‌ى سریانیى ئه‌رتۆدۆكسى و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مه‌تران و قه‌شه‌ و پیاوانى ئایینیى كه‌نیسه‌كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان، پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا قه‌داسه‌تى پاتریارك و شاندی یاوەری،‌ باسیان له‌ ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى دوو كه‌نیسه‌ بوو، یه‌كێکیان له‌ هه‌ولێر و دووه‌میان له‌ دهۆك.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سوپاسی هاوكاری و پشتگیریى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستانیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌سیحى كرد به‌تایبه‌تى له‌ كاته‌ سه‌خته‌كان و سه‌رده‌مى ئاوارەبوونى مه‌سیحییه‌كان و پێكهاته‌كانى دیكه‌ له‌ كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها ستایشى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ى نێوان پێكهاته‌كانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كوردستان بێ جیاوازى، نیشتمانى هه‌مووانه‌ و شانازى به‌ پێكه‌وه‌ژیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها دڵنیاى كردنه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ بره‌وپێدان و فراوانكردن و پاراستنى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و فره‌یى. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها گوتى: مه‌سیحییه‌كان پێكهاته‌یه‌كى ڕه‌سه‌نى ئه‌م وڵاته‌ن‌ و پێكه‌وه‌ هه‌مووان له‌ ئه‌رك و مافه‌كاندا یه‌كسانن.

دۆخى كه‌نیسه‌كه‌ و شوێنکەوتووانی له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و وڵاتانى جیهان، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.