Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی شێخان بۆ KDP: پێشوازییەکی زۆر بەرز لە لیستی ٢٧٥ و کاندیدانمان دەکرێت

شێخان-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنووری لقی شێخان زۆر باش بەڕێوەدەچێت و بەپێی ڕێنمایی سەرۆک بارزانی بە شێوەیەکی ھێمن و ئارام پڕۆسەکە بەردەوامە. دەشڵێ، ئەمجارە ڕێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن زیاتر دەبێت و خەڵک گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی پێویستە پارتی لەم ھەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی گەورە بەدەست بھێنێت.

ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی لە شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان، ھەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و زۆر بە ئارامی پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت و ئێمەش بانگەشە بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی ئەنجام دەدەین، کە پێویستە ھەڵمەتێکی ھێمن و بێ پێشێلکاری و بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت.

ساڵح حەیدەر ھەروەھا ئاماژەشی دا، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەی خۆمان ھەیە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە و پێشوازییەکی زۆر بەرزیش لە لیستی پارتی و کاندیدانمان دەکرێت سەرەڕای ئەو کێشە سیاسی و تەحەدیاتەی کە ھەیە.

ناوبراو دەشڵێت، گەشبینین ئەمجارە ڕێژەی بەشداریکردن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاد دەبێت و بە گوێرەی ئەو ڕۆشنبیری و تەحەدیاتەی ھەیە، خەڵک گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ئەمە ھەڵبژاردنێکی گرینگە بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەمجارە بەشداریکردنی خەڵک زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بھێنێت.

 

بڵند ئیبراھیم