Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان

حەیات مەجید

هەڵبژاردن کرۆکی دیموکراسییە، لەو پرۆسە دیموکراسییەشدا، هەل دەدرێت بە هاووڵاتییان تا مومارەسەی مافی خۆیان بکەن. مافی هەڵبژاردن لە سیستمی دیموکراسیدا بۆ هەموو تاکێکە کە مافی دەنگدانی هەبێت، بەبێ هیچ ڕێگری و جیاوازییەک، هەموو هاووڵاتییان دەگرێتەوە.

زۆربەی دەوڵەتان کار بە بنەماکانی هەڵبژاردنی گشتی دەکەن، بە جۆرێک هەموو هاووڵاتییەک مافی تەواوی هەیە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات بەبێ ڕێگری و کۆتێک. دیموکراسییەت بەبێ هەڵبژاردن هیچ مانایەکی نییە، حکومەتی دیموکرات دەبێت ڕەچاوی ویستی هاووڵاتییان بکات و بەشدار بن لە بنیاتنانی حکوومەتەکەدا. هەڵبژاردن پێویستی بە کەشێکی ئازاد و هێمنە، تا دەنگدەر بتوانێت باشترین هەڵبژێرێت.

کاتێک باس دێتە سەر هەڵبژاردن، بژاردەیەکە بۆ تاک تا بتوانێت بژاردەی خۆی بکات و نوێنەری خۆی دیاری بکات، تا نوێنەر ئەو چەند ساڵە بتوانێت لە ڕێگەی یاسا و بەدواداچوونەوە خزمەت بە هاووڵاتییان بکات.

هەڵبژاردن چەندە پرۆسەیەکی دیموکراسییە، ئەوەندەش پرۆسەیەکی سەخت و دژوارە لە   زروف و کاتێکی ئاوادا بۆ زۆربەی حزب و قەوارە سیاسییەکان بەهۆی بارودۆخی ناجێگیری ئابوورییەوە بە پلەی یەکەم. لە هەمان کاتدا، ئەم دۆخە بۆ حزبێکی خاوەن مێژوو و خاوەن شەهید ئەوەندە سەخت نییە، لەبەر ئەوەی پارتی خۆی بە خاوەنی ئەم وڵاتە دەزانێت، خۆی بە خاوەنی تاک بە تاکی کوردستان دەزانێت بە هەموو دەنگ و ڕەنگەکانەوە. خاکەڕایی پارتی دیموکرات و خۆنەچەماندن و کارکردنی ڕاستگۆیانە لەسەر ئەو بەرنامە و پلانەی دایدەڕێژێت، وایکردووە کە ساڵ بە ساڵ کورسییەکانی پارتی زیاد بکات.

ئەزموونی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەزموونێکی دوور و درێژ و پڕە لە ڕاستگۆیی و چاکسازی، بۆیە گەنج و پیر کار بۆ سەرکەوتنەکەی دەکەن. ئەمجارە لە بەرگێکی نوێدا بە دروشمێکی پڕ بەهاوە لە ژێر ناوی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)، پارتی دیموکراتی کوردستان کار بۆ خاڵ بە خاڵی ئەجێنداکەی دەکات بە دیدێکی دووربینانە و بە پلانێکی سەرکەوتوو، بۆیە دەنگی نزیکەی ملیۆنێک دەنگدەر بۆ خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگەیە.