Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی ١١٢ ملیار دینار بۆ کۆیە تەرخان دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە رەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجکردنی بڕی زیاتر لە ١١٢ ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی کۆیە، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش کێشەی ئاوی شارەکە بەیەکجاری چارەسەر دەبێت.

پارێزگای ھەولێر بڵاوی کردەوە: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەریی ریشەیی و درێژمەودای گرفتی کەمئاوی لە سنووری شارۆچکەی کۆیە، رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی بڕی ( ١١٢ ملیار و ١٤٧ ملیۆن و ٥٢ ھەزار و ٥٨٥ دینار ) بەشێوەی نەختینە و قۆناغ، بۆ جێبەجێکردنی گەورە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی راکێشانی ھێڵی دووەمی ئاوی خواردنەوە بۆ کۆیە.

جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گەورەی کۆیە، یەکێک دەبێت لەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییانەی لە سنووری پارێزگای ھەولێر کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بەجێبەجێکردنی دەکرێت و بەتەواوبوونی پڕۆژەکە و راکێشانی ئاو لە زێی بچووک، سەنتەری شارۆچکەی کۆیە و شارەدێکانی سەر بە شارۆچکەکە لێی سوودمەند دەبن.

پارێزگای ھەولێر جەختیشی کردەوە کە لەو نزیکانە کار لەسەر قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و بە دیزانێکی سەردەمییانەی ئەوروپی و نوێترین تەکنەلۆجیا و کرێکاری خۆماڵی کاری تێدا دەکرێت.