دهۆك-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاھەنگی دەرچووانی خولی (٣٠)ـی زانکۆی دھۆک بەڕێوەچوو.
لە گوتارێکدا کە لە ئاھەنگی دەرچوونی زانکۆکەدا پێشکەشی کرد، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وێڕای پیرۆزباییکردن لە قوتابییان، سوپاسی مامۆستایانی کرد کە سەرەڕای ئەو ئاڵنگاری و بەربەستانەی لە ڕووی ژیانەوە بۆیان دروست کراوە، بەڵام کۆڵیان نەدا و نەیانھێشت قوتابییان لە خوێندن بێبەش بن، ھەروەک سوپاسی دایکان و باوکانیشی کرد کە پاڵپشتیی قوتابییەکانیان کردووە تاوەکوو بتوانن لە خوێندن بەردەوام بن.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەو جیاکارییە کرد کە حکوومەتی فیدراڵ لە عێراق بەرانبەر بە دامەزراندنی فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان دەیکات لە بابەتی دامەزراندن و ڕێگە نادات بەپێی پێویست فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆکانی کوردستان لە کەرتی گشتی دابمەزرێن. جەختیشی لە پاڵپشتیکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووان لە کەرتی تایبەت کردەوە.
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
قوتابییانی خۆشەویست
جڤاتی زانکۆ
سەرۆک و مامۆستایانی ھێژای زانکۆی دھۆک
دایک و باوک و کەسوکاری قوتابیان
ئامادەبوانی ھێژا
زۆر بەختەوەرم ئەمڕۆ بەشدارم لەگەڵ ئێوە لەم ئاھەنگەدا، ئاھەنگی دەرچوونی قوتابییانی گەڕی (٣٠)ـیەمی زانکۆی دھۆک. لە سەرەتادا پیرۆزباییەکی گەرم لە ھەموو قوتابیانی خۆشەویست دەکەم، ھەر سەرکەوتوو بن. ئەم سەرکەوتنەی ئێوە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر ئێوە پاش ئەوەی دەگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە، ھەندێک لە قوتابییانی خۆشەویست بێگومان بەردەوام دەبن بۆ خوێندنێکی زیاتر، ھەندێک دێنە نێو کۆمەڵگە و دەبن بە کەسانی کاریگەر لە سیاسەتی وڵاتی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی خۆیان. ئێمە شانازیی بە ئێوە دەکەین، چاومان لە ئێوەیە، ئێوە ئەمڕۆ ئومێد و ھیوای پاشەڕۆژن و سبەی دەبنە ئەو سەرکردانەی کە ئێمە ھەموومان چاوەڕێین وڵات بکەوێتە دەستتان و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشی ببەن.
جێی خۆیەتی سوپاسێکی زۆری مامۆستایانی ھێژا بکەم، سەرەڕای ئەو زەحمەتییانەی ژیان و ئەو ھەموو ئالنگاری و کێشە و گرفت و بەربەستانەی کە لە رووی ژیانەوە بۆیان دروست کرا، دیسان بەردەوام بوون لە پرۆسەی خوێندن و وایان نەکرد کە قوتابی لە خوێندنی خۆیان بێبەش بن، ئێوە جێی شانازیی ئێمەن، جێی ڕێز و پێزانینی ئێمەن، بەردەوام بن لەم خوێندنەی خۆتان و ئێمەش بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی ئێوە و ھیوای ئێمە ئەوەیە کە رۆژێک بتوانین قەرەبووی زەحمەتیی ئێوە بکەینەوە.
سوپاسی دایکان و باوکانی خۆشەویست دەکەم کە دیسان سەرەڕای ئەو ھەموو زەحمەتییەی ژیان، نەیانھێشت قوتابیان بێبەھرە و بێبەش ببن لە خوێندنی خۆیان و ھەموو پشتیوانیی خۆیان بۆ کچان و کوڕانی خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی پاشەڕۆژی ئەوان مسۆگەر بێت کە بێگومان بە مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژی ئەو قوتابییە خۆشەویستانە، پاشەڕۆژی کوردستان مسۆگەر دەبێت.
جێی خۆیەتی سوپاسێکی زۆری پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش و ئەمنی بکەم کە بەردەوامن لە پاراستنی ھەرێمی کوردستان تا ئەم زانکۆیە و زانکۆکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بن لە فێرکردنی قوتابیانی خۆشەویست و نەوەی نوێ. خەبات و ماندووبوون و زەحمەتیی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان جێی رێز و پێزانینە و لێرەدا دەستخۆشی و سوپاسی ئەوانیش دەکەین.
خوشک و برایانی ھێژا:
حکوومەتی ھەرێم بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی کەرتی پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا، ئێمە دەستەی متمانەبەخشینمان بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و کوالێتیی خوێندن دامەزراندووە کە بێگومان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەرخستنی ئاستی خوێندن دەبێت. ئێستا چەندین زانکۆی زۆر باش لە کوردستان ھەن کە بێگومان زانکۆی دھۆک یەکێکە لە زانکۆ ھەرە باشەکانی کوردستان و ئاستی خوێندن ئێستا لە کوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەو پێش دەچێت و من بەو ھیوایەم و لێرەشەوە ھەم حکوومەتیش دەبێ پشتیوان بێت، ھەم بە زەحمەت و ماندووبوونی مامۆستایان، ئاستی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەگاتە ئاستێکی نێودەوڵەتی و دەبینە نموونە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ئێوە دەچنە نێو ژیانێکی نوێ لە دوای خوێندن، بەرپرسیارێتیی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە، ئێمە ٢٠ کۆلێژمان ئێستا لەم زانکۆیە بینی، ئێوە ئەو ھەموو ساڵە زەحمەتتان دیت و ماندوو بوون، ئێستا بەرھەمەکەی ھاتە دەست. دوو شتی زۆر گرنگ ھەن کە ھاوبەشن، لە نێوان ھەموو کۆلێژەکان و لە نێوان کۆمەڵگە بە گشتی و ھەموو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، داخوازیی من ئەوەیە لە ئێوە ھەموان وەک برایەک ئەو داوایەتان لێ دەکەم، ئەم دوو ئامۆژگارییە لە من وەربگرن:
یەک: وا نەکەن کە پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ وڵاتەکەتان، کەس بکەوێتە نێوانتان، خۆشەویستیتان بۆ خاکەکەتان، بۆ وڵاتەکەتان، بۆ مێژووتان، بۆ زەحمەت و ماندووبوونی پێشمەرگەکانی ئێوە، لەبیرتان بێت، پێویستە رۆژ بە رۆژ کار لەسەر ئەوە بکرێت کە ئێوە چەند خوێندن بەردەوام بکەن، ھێندەش بابەتی پەروەردەکردنی خۆتان و ھاووڵاتیانی خۆتان بۆ زیادکردنی خۆشەویستیی وڵاتی خۆتان زیاد بکەن. ئێمە بێ وڵاتی خۆمان ھیچ نین، پێویستە ھەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە و ئەم ئەزموونە پارێزراو بێت، ئەو بەرپرسیاریەتییە ئەمڕۆ زیاتر دەکەوێتە سەر ملی ئێوە.
خاڵی دووەم بابەتی ژینگەپارێزییە، ھیوای من ئەوەیە ئێوە ھەموو ھاوکار بن لەگەڵمان بۆ ئەوەی ژینگەی ئێمە، وڵاتی ئێمە بپارێزرێ و رۆژ بە رۆژ خۆشتر ببێت. ئێمە چەند پرۆژەش دروست بکەین و چەند ھەنگاو بنێین بۆ ئەوەی وڵاتی خۆمان خۆش بکەین، ئەگەر ژینگە نەپارێزرێت، دیسان ئێمە ناتوانین وەک پێویست سوودی لێ وەربگرین. ھیوای من ئەوەیە کە ئێوە رێنیشاندەر بن بۆ خەڵکی دیکەش تاوەکوو ئەم ژینگەیە باشتر بپارێزرێت.
خوشک و برایانی ھێژا:
پاش چەند ڕۆژێکی دیکە، ھەڵبژاردن دەکرێت، بۆ دەستنیشانکردنی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق، ھەرێمی کوردستانیش بەشدارە لەم ھەڵبژاردنانەدا و دەبێ ئێوە نوێنەرانی خۆتان ھەڵبژێرن تا پارێزگاریی لە مافەکانی ئێوە بکەن. ھەقی ئێوەیە کە چاوەڕێی ئەوە بکەن پاش ئەوەی ئێوە لە زانکۆ دەرچوون، دەرفەتی کارتان بۆ ئامادە ببێت و چەندی بتوانن بچنە قۆناغێکی دیکە لە ژیانی خۆتان. وەک حکوومەت ئێمە زۆرمان ھەوڵدا کە بتوانین وەک ھەموو بەشەکانی دیکەی عێراق، ئەو قوتابییانەی دەرچوو، دابمەزرێن، بەڵام بەداخەوە جوداکاری لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدرالی ھەیە و نەیانھێشتووە ئێمە وەک بەشەکانی دیکەی عێراق، خەڵکی خۆمان دابمەزرێنین، ئەمەش زەرەرێکی زۆری لە قوتابییانی ئێمەش داوە، ھەرچەندە بەپێی ژیانی خۆمان و ئەو ڕێکارانەی لەبەردەستن، یەکەمی زانکۆ پزیشکییەکان دامەزرێندراون، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە.
من لەو باوەڕەدام کە دامەزراندن لە کەرتی حکوومەت چارەسەر نییە، پێویستە ئێمە لە پەرلەمانی عێراق بەردەوام بین بۆ دابینکردنی مافی ھەموو خەڵکی کوردستان و بە شێوەیەکی یەکسان ھەموو خەڵک سوودمەند بێت لە دامەزراندن و نابێت خەڵکی کوردستان بێبەش بکرێن، لەم ساڵانەی رابردوودا چەندین کەسی ئێمە خانەنشین کراون یان بە جۆرێک لە کاردا نەماون، بەڵام دیسان وایاننەکردووە کە ئێمە کەسانی نوێ لە جێی ئەوان دابمەزرێنین. ئێمە رانەوەستاوین کە چاوەڕێی ئەوە بین تەنیا خەڵک لە کەرتی گشتی دابمەزرێن، بەڵکوو حکوومەت بەردەوام بووە لە ھاریکاریکردن بۆ دروستکردنی دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەت. حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئێوە و زۆریشم پێ خۆش بوو کە گوێم لە قسەکانی قوتابییەکی خۆشەویست بوو کە گوتی حکوومەت پشتیوانی ئێمە بێت بۆ دروستکردنی ھەلی کار یان دەرفەتی کار بۆ کاری پیشەیی بچووک، ئەم بەرنامەیە لە پرۆژەکانی حکوومەتدا ھەیە و لەم رۆژانەی رابردووش چەندین دەرفەت ھەبوون کە من چووم و بەشدار بووم لە ھەندێک مەراسیم کە دەرچوانی زانکۆ لە پێش ئێوە زۆر دەرفەتی کاریان بۆ خۆیان و ھەڤاڵانیان دروستکردووە، حکوومەت پشتیوان دەبێت و ئەوەیشی پێمان بکرێت بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان، ئەو کەسەی دەیەوێ داھێنەر بێت یان کۆمپانیا بۆ خۆی دابمەزرێنێت و کار بۆ خۆی و ھەڤاڵانی دروست بکات، پشتیوانی حکوومەتی لەگەڵ دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە پەرەی زیاتر بە کەرتی تایبەت دەدەین تاوەکوو ھەموان تەنیا چاویان لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی نەبێت. بەڵام دیسان پێویستە ئێمە بەردەوام بین لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدرالی کە ئەو رێگەیە دیسان بکرێتەوە و ئەو قوتابییانەی کە ئێمە پێویستیمان پێیانە لە کەرتی گشتی دابمەزرێندرێن، دیسان بتوانین ئەوانە دابمەزرێنین، بەڵام ئەم شەڕە لە پەرلەمانی داھاتووی عێراق دەکرێت، داوای من لە ئێوە ئەوەیە کە ئەو کەسانە ھەڵبژێرن و دەنگی خۆتان بەو کەسانە بدەن کە شەڕ بۆ مافەکانی ئێوە دەکەن، دەنگی خۆتان بەو کەسانە بدەن کە دەچنە بەغدا و دەبنە پارێزەری مافەکانی خەڵکی کوردستان.
ئێمە دەتوانین پێکەوە گەلێک دەستکەوتی زیاتر بەدەست بھێنین. ئێمە زۆر پرۆژەمان کرد کە کەس باوەڕی نەدەکرد دەبنە ڕاستی، ئێمە کردمان بە ڕاستی، دیسان خوشک و برایانی ئێوە بوون کە خۆیان ماندوو کرد و بە شەو و ڕۆژ ئەو پرۆژانەیان کردە راستی و لێرەشەوە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییانی کوردستان بکەین و ئێوەش بەشێک دەبن لەو پرۆژەیەی حکوومەت بۆ باشترکردنی باری ژیان لە کوردستان و پێشخستنی ھەرێمی کوردستان.
جارێکی دیکە دەستخۆشی لە ھەمووتان دەکەم، پیرۆزبایی لەو سەرکەوتنەی ئێوە دەکەم، چاوەڕێین ئێوە ببینین رۆژ بە رۆژ کوردستان بەرەو ھەنگاوی پێشتر و سەرکەوتنی مەزنتر ببەن، ھەر سەرکەوتوو بن، کوردستانیشمان ھەر ئاوەدان بێت.
