Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگارى شرنه‌خ و شاندێكى یاوه‌رى كۆبووه‌وه‌

ھەولێر-KDP.info-  ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/10/13 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ به‌ڕێز بیرۆل ئه‌كیجى، پارێزگارى شرنه‌خى توركیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان سه‌رۆكى شاره‌وانى و سه‌رۆكى ژوورى بازرگانیى شرنه‌خ و سه‌رۆكى ژوورى بازرگانیى جزیر پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز پارێزگاری هه‌ولێر و كونسوڵی گشتیى توركیا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چۆنیه‌تیى بره‌ودان به‌ چالاكیى ئابوورى و زانكۆیى و كولتووریى نێوانیان خرانه‌ به‌ر باس.

هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ هاریكاریى هاوبه‌ش و فراوانكردنى بواره‌كانى بازرگانى و هاتوچۆ و گه‌شتیارى له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركیادا كرد. له‌مباره‌یه‌وه‌ باس له‌ ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى شرنه‌خ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر و پارێزگاکانی هه‌رێمى كوردستان کرا.

كاریگه‌ریى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونى ناوچه‌كه‌، فڕۆكه‌خانه‌ى شرنه‌خ كه‌ به‌هۆى نزیكییه‌وه‌ له‌ سنوور، خزمه‌ت به‌ گه‌شتیارانى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كات، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.