Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عیسمەت ڕەجەب: گوتاری سەرۆک بارزانی کاریگەری گەورەی لەسەر خەڵکی نەینەوا کرد

مووسڵ -KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا دەڵێت، "وتارەکەی سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، کاردانەوەی زۆر گەورەی لەسەر خەڵکی نەینەوا ھەبوو. ڕۆژی چوارشەممە ئێمەش لە کەرنەڤاڵێکدا لە مووسڵ کاندیدانی سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ دەناسێنین."
عیسمەت ڕەجەب، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئێمە وەکو لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای مووسڵ، بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن پرۆسەی بانگەشە بەرێوە دەبەین، کاندیدەکانی ئێمە و مەکتەبی ڕێکخستن لەگەڵ لقی ١٧، ٢٠، ٢٣ و ١٤ کاروچالاکی خۆمان ئەنجام دەدەین، کاندیدەکانیش کاری باش دەکەن بۆ سەرکەوتنی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق."
عیسمەت ڕەجەب گوتیشی "پەیامی دوێنێی سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، کاریگەری یەکجار گەورەی لەناو خەڵکی پارێزگای نەینەوا دروست کردووە، ئەو پەیامە کاردانەوەی زۆر ئیجابی لەناو خەڵک ھەبوو، ئێمەش ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر ٣:٠٠ی دوای نیوەڕۆ، لە کەرنەڤاڵێکدا بە ئامادەبوونی جەماوەری خۆشەویستمان لە مەخمور تا شنگال، کاندیدانی خۆمان بەفەرمی دەناسێنین، لەمەودوا پرۆسەی بانگەشە زیاتر گەرموگوڕتر دەبێت، ئێمەش دەتوانین پەیامی پارتی و سەرۆک بارزانی بگەیەنینە خەڵکی مووسڵ."

ڕەجەب ڕوونیشی کردەوە "ئێمە لە ھەرچوار لقی خۆمان لە سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، ٦١ کاندیدمان لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوە و ئاینەکان هەیە، بۆیە ئومێدمان زۆرە ئەمجارە بتوانین دەنگی باش بەدەست بێنین و کاندیدەکانمان سەربکەون و بچنە پەرلەمانی عێراق و داکۆکی لە مافی ڕەوای خەڵکی خۆمان بکەن و ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەھێز بێت، چونکە چەند پێگەی پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، پێگەی کوردستانیش ھێندە بەھێز دەبێت."


بڵند ئیبراھیم