Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ بەڕێز مەسروور بارزانی لە پارێزگای دھۆک دەبێت

دهۆک-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دھۆک دەڵێت، ئەمڕۆ مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دھۆک ئامادە دەبێت و لەگەڵ سەرجەم کادیرانی سنووری مەکتەبی ڕێکخستن لە دھۆک کۆدەبێتەوە بۆ پێدانی ڕێنمایی لەبارەی پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن و بڕیارە لە چوارچێوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن کۆمەڵێک گردبوونەوەی جەماوەری و ئاھەنگیش ساز بکرێن.

دکتۆرە ڤیان سلێمان، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەڕێز مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دھۆک ئامادە دەبێت و لەگەڵ سەرجەم کادیرانی سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دھۆک کۆبوونەوە ئەنجام دەدات بۆ پێدانی ڕێنمایی لەبارەی پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ مەسروور بارزانی كۆبوونەوە لەگەڵ کادیرانی پارتی لە پارێزگای دھۆک ئەنجام بدات، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق.

دکتۆرە ڤیان سلێمان گوتیشی، تادێت پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن گەرموگوڕتر دەبێت بەتایبەت دوای ئەوەی دوێنێ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ھەردوو جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نێچیرڤان بارزان و مەسروور بارزانی کەرنەڤاڵێکی گەورە لە ھەولێر ساز کرا، بۆیە لەمەودوا گردبوونەوەی جەماوەری و ئاھەنگی بەردەوام بۆ سەرخستنی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای دھۆک و مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک ئەنجام دەدرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی بتواندرێت بانگەشەیەکی ھێمن و لەسەرخۆ و بەپێی ڕێنمایەکان بەڕێوەبچێت و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی مەزن لەم ھەڵبژاردنە تۆمار بکات.

 

بڵند ئیبراھیم