Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت: هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە سەرخستنی پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان

عەنکاوە-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی ئوم ئەلنوور لە شارۆچکەی عەنکاوە ڕایگەیاند حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە سەرخستنی پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە هەموو ئایینەکان، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکوو لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی کەسایەتی و زانایانی ئایینیی کریستیان لە کوردستان و عێراق و بەرپرسانی حکوومی و حزبی و سەدان هاووڵاتیی کریستیانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، کەنیسەی ئوم ئەلنووری لە شارۆچکەی عەنکاوە کردەوە.

دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی ئوم ئەلنوور

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

قەداسەتی پاتریارک مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم

قەداسەتی پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ

بەڕێزان ، ئامادەبووانی هێژا

زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێورەسمەدا بەشدارم کە کردنەوەی کەنیسەی (ئوم ئەلنوور)ــە کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە.

ئەم کەنیسەیە بە ناوی (ئوم ئەلنوور) کراوە واتا دایکی ڕووناکی، کە یەکێکە لە ناسناوەکانی حەزرەتی مەریەمی پاکیزە (دروودی خوای لەسەر بێت). حەزرەتی مەریەم نەک تەنیا لە ئایینی کریستیان، بەڵکوو لە ئیسلامیش، پێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە و لە قورئانی پیرۆزدا، لە دەیان ئایەتدا، بە ڕێزێکی زۆرەوە ناوی هاتووە. لە کۆمەڵگەی کوردیشدا، خانمی زۆرمان هەن کە بەو ناوە ناو نراون. هیوادارم ئەم کەنیسەیە، ببێتە شوێنێکی گرنگی خواپەرستیی خوشک و برایانی کریستیان لە عەنکاوە و ببێتە مەڵبەندێکی پەرەپێدانی زیاتری برایەتی و دۆستایەتی نێوان ئایینەکان و گەشەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا.

لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەتیش دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و مووسڵ و دەشتی نەینەوا، هەزاران خوشک و برای کریستیان لەو شوێنانە، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بهێڵن و پەنا بۆ هەرێمی کوردستان بهێنن، بە تایبەتیش لە عەنکاوە نیشتەجێ ببن و بە ئاشتی و ئارامی بژین. ئەم کەنیسەیەش، دیارییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو خوشک و برایانەی کە وەک بیستم، بەشێکی زۆریان لە ئاوارەکانی دەشتی نەینەوان کە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەكەیان، هەر لێرە ماونەتەوە و سوود لەم کەنیسەیە وەردەگرن و خواپەرستی تێدا دەکەن.

بەڕێزان:

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی خۆی بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەپێندراوەی دەشتی نەینەوا و بۆ دروستكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر، بۆ ئەوەی خوشك و براكانمان بتوانن بە سەربەرزی و بە ئارەزووی خۆیان بۆ ماڵەكانیان و كەنیسەكانیان بگەڕێنەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، پڕۆژەیەکی ڕێگەوبانمان لە نزیک پەرستگەی لالش کردەوە کە ئاسانکارییەکی زۆر بوو بۆ خوشک و برایانی ئێزیدیمان. هەر ئەمڕۆش دوای کردنەوەی ئەو کەنیسەیە، بەردی بناخەی پەیمانگەی ئایینی ئەزهەر دادەنێین و هەروەها بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتارخوێنان لە هەولێر دەکەین. ئەمە هەمووی بەڵگە و نیشانەی هەمەڕەنگیی کۆمەڵگەی کوردستان و گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەموو ئایینەکان و بە قووڵکردنەوەی زیاتری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە سەرخستنی پەیامی ئاشتی و بەیەكەوەژیان و ڕێزگرتن لە هەموو ئایینەكان نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دووبارە پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم کەنیسەتان لێ دەکەم و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت و هەمیشە بە خۆشی و برایەتی و تەبایی بژین.

 

جارێكی تر سوپاس