Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مار نیقودیموس: حکوومەتی کوردستان دەستی هاریکاریی بۆ درێژ کردین و خۆشەویستیی پێ بەخشین

هەولێر-KDP.info- مەترانی کاتدرائیل ئوم النوور لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی ئوم ئەلنوور رایگەیاند، ئەو کاتەی ئێمە لە مووسڵ ئاوارە بووین، هەموو جیهان لە دوورەوە وەستا و سەیری ئێمەی دەکرد، بەڵام حکوومەتی کوردستان دەستی هاریکاریی بۆ درێژ کردین و خۆشەویستیی پێ بەخشین و دەرگاکانی بەڕووماندا کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ێ تشرینی یەکەمی 2025، مار نیقودیموس داود مەتی شەرەف، مەترانی کاتدرائی ئوم ئەلنوور، لە وتەیەکدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی ئوم ئەلنوور کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، ئەوانەی ڕەخنەمان لێ دەگرن و پێمان دەڵێن ئێمە زۆر پەسنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کێشە لە خۆیانە لەبەر ئەوەی ئەوکاتەی هەموو جیهان لە دوورەوە وەستا و سەیری ئێمەی کرد، حکوومەتی کوردستان دەستی هاریکاریی بۆ درێژ کردین و خۆشەویستیی پێ بەخشین و دەرگاکانی بۆ کردینەوە. گوتیشی کاتێک ئێمە ڕوومان لە کوردستان کرد هیچ شوێنێکی دووەممان شک نەبرد ڕووی تێ بکەین.

 مار نیقودیموس داود مەتی شەرەف، ئاماژەی بەوەش کرد  "کاتێک لە مووسڵەوە ئاوارە بووین و ئازارمان لە کۆڵ گرتبوو، چووین سەرۆک بارزانیمان بینی، چەمکێکی زۆر ناوازەی دەربڕی کە هەرچەندە دووبارە بکرێتەوە لێی تێر نابین. سەرۆک بارزانی پێی وتین ئێوە نیگەران مەبن، ئێوە لێرە میوان نین و ئێرە خاکی خۆتانە. ئێوە لە ماڵی خۆتانن و دۆخی ئێوە دۆخی ئێمەیە، ئێمە پێکەوە دەژین و پێکەوە دەمرین".

مەترانی کاتدرائی ئوم النوور ئاماژەی بە پشتیوانییەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کریستیانەکان کرد و گوتی، "ئەگەر ئەم چەمکانە هی باوک بن، کوڕەکەشی لەسەر هەمان ڕێگە دەڕوات و پلانەکە جێبەجێ دەکات". گوتیشی "مامەڵەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئێمە نامۆ نییە لەبەر ئەوەی دەرهاویشتەی پەروەردەی تەندروستی ئەو خێزانەیە کە سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات".

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای حکوومی و حزبی و کەسایەتییە ئایینییە کریستییانەکانی کوردستان و عێراق، کەنیسەی ئوم ئەلنوور، لەسەر ڕووبەری 6000 مەتر دووجا بە و گوژمەی چوار ملیار و 290 ملیۆن دینار لە شارۆچکەی عەنکاوە کرایەوە.