Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕوونکردنەوەیەک لە بارەگای بارزانییەوە

هه‌ولێر-KDP.info- بارەگای بارزانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هەواڵی چەند میدیایەک دەربارەی دروستکردنی پارکێک لەسەر ئەرکی سەرۆک بارزانی بۆ هاووڵاتیانی شاری هەڵەبجە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئەوەی سەرۆک بارزانی کردوویەتی وەک هەمیشە تەنیا ئەوە بووە کە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە، هیچکات قوربانیدانی هەڵەبجە فەرامۆش نەکەن.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی بارەگای بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ماوەی چەند ڕۆژە لە ژمارەیەک میدیا و ڕاگەیاندندا وا بڵاو کراوەتەوە کە لەسەر ئەرکی جەنابی سەرۆک بارزانی پارکێک وەک دیاری دراوەتە هاووڵاتیانی شاری هەڵەبجە و ڕێکاری پێویست بۆ دروستکردنی پارکەکە گیراوەتەبەر.

لێرەدا بە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و هەڵەبجە ڕادەگەیێنین کە ئەوە بەرپرسیارێتیی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە خزمەتی خەڵکی خۆشەویستی شاری هەڵەبجە و هەموو شوێنێکی کوردستان بکەن و ئەوەی سەرۆک بارزانی کردوویەتی وەک هەمیشە تەنیا ئەوە بووە کە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە، هیچکات قوربانیدانی هەڵەبجە فەرامۆش نەکەن و دەبێ هەموو لایەک بە باشترین شێوە خزمەتی هەموو کوردستان و بە تایبەتی  هەڵەبجە بکەن.

 

بارەگای بارزانی

11ی تشرینی یەکەمی 2025