Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كه‌ریم كاوه‌ بۆ کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان: له‌ سبه‌یه‌وه‌ سەردانمان بکەن بۆ پڕ کردنەوەی فۆڕم

سۆران-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ده‌ڵێ، له‌ ئێستادا سەرقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی داتا و زانیارین و دڵنیاین حكوومه‌تی هه‌رێم بڕیارێك لە به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و خێزانانه‌ی شه‌هیدان ده‌دات كه‌ پێشتر له‌ پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ سوودمەند بوون.

كه‌ریم كاوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی سۆران، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، سەرقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارین له‌باره‌ی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ و سندووقی نیشته‌جێبوون و هه‌ر خێزانێكی شه‌هید پێشتر سوودمه‌ندبوو بێت له‌ وه‌رگرتنی پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌، له‌ ڕێگه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمێك زانیارییه‌كان كۆده‌كه‌ینه‌وه‌ و دواتر به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، مه‌به‌ست له‌ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و داتای سوودمه‌بووانیش ئه‌وه‌یه‌، بڕیارێك له‌باره‌یه‌وه‌ بدرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری گوتی، پڕکردنەوەی فۆڕمی کۆکردنەوەی زانیاری  پێشینەی خانووبەرە و  سندوقی نیشتەجێ بوون بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی بەم شێوەیە دەبێت کە لەخوارەوە روون کراوەتەوە: 

1- پڕکردنەوەی فۆڕمەکە لە ئێستادا بۆ کۆکردنەوەی زانیاریە سەبارەت بە کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو داتا و زانیاریانە ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێک لەبارەی ڕێژەی لێخۆشبوونەکە دەربکات.

2- ئەم لێخۆشبوونە کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان و جینۆسایدکراوان (دایک، باوک، خوشک، برا، هاوسەر، کوڕ،کچ) دەگرێتەوە.

3- زیندانی سیاسی و بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی، (خودی خۆیان) دەتوانن فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە.

4- ئەگەر ژن و مێرد یەکێکیان کەس و کاری شەهید بێت وەک (باوک، برا) و پێشینەی خانوبەرەی وەرگرتبێت و  بەناوی خۆی نەبێت و بەناوی هاوسەرەکەی بێت، ئەوا دەتوانێت فۆڕمی زانیاری پڕبکاتەوە بەمەرجێک وێنەیەکی تەصدیقکراوی گرێبەستی هاوسەرگیری (عقد زواج) لەگەڵ خۆی بهێنێت. 

5- شەهیدی هاووڵاتی ناگرێتەوە.

كه‌ریم كاوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی سۆران داواش له‌ کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان ده‌كات له‌ سبه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ سەردانیان بکەن بۆ پڕ کردنەوەی فۆڕم.

 

قائید میرۆ