تورکیا-KDP.info- وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا. تێیدا پرسی ئاو و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.
ئەمڕۆ هەینی 10-10-2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کرد و لەگەڵ هاکان فیدان هاوتا تورکییەکی پرسی ئاویان تاوتوێ کرد.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەمان بۆ ئەنقەرە پەیوەندی بە پرسی ئاوەوە هەیە، لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ئاو گەیشتوینەتە ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک کە پەیوەندیی بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئاوەوە هەیە و بەم نزیکانە واژۆیان لەسەر دەکرێت.
لەبەرامبەردا: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، کێشەی ئاو لەگەڵ عێراق هاوبەشە، عێراقییەکان پێویستیان بە ئاوە، ئێمەش هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانەکە دەدەین، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ئاستی ئاوی بەنداوەکان نزم بووەتەوە.
هاکان فیدان گوتیشی: تورکیا دەتوانێت خزمەتگوزاری بەرچاو سەبارەت بە ژێرخانی وزە لە عێراقدا پێشکەش بکات، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ تورکیا هەنگاوێکی ئومێدبەخشە.
فیدان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان هەڵوێستی عێراق لەبارەی دۆخی سووریا و هەوڵەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەرز دەنرخێنن.