Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەم جۆرە سیاسەتە زیاتر دەبێتە مایەی خۆشی و بووژاندنەوەی کوردستان

ته‌ڵعه‌ت تاهیر

دوایین پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئەو وەرچەرخانە جیۆپۆڵیتیکیانەی ڕوویداوە بەپێی پاشخانی چەندین ساڵەی پێکەوە ژیان و بە ڕەچاوکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان لە جاران زێتر هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی دەخاتە ژێر بەرپرسیارەتی و ئەمەش پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی بنەماکانی کاری هاوبەش، یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت پەرە بە پەیوەندییە ئیقلیمی و دەرەکییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بیانی بدرێت، ئەرک و بەرپرسیارەتییەک ڕەنگە بەشێکی کەم لە سیاسی و سەرکردەی حیزبە کوردییەکان لە دوورمەودا دا لە چوارچێوەی کاری سیاسی خۆیان پۆلێنیان کردبێت. لەم نێوەندەدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی بە تێگەیشتن لەو کەشە تازەیەی هاتۆتە ئاراوە و بەو پێیەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چەتری کۆکەرەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازییەکانە و پارێزەری مافی هاونیشتمانییانە لە هەر شوێن و جوگرافیایەکی کوردستان بێت بە پشتیوانی لە سیفەتە زاتییەکانی خۆی کە هەردەم لەگەڵ ئاشتی و بەیەکەوەیی بوون دایە و لە سۆنگەی خەمخۆری بۆ سەقامگیری و بژێوی هاونیشتمانیان و بە تایبەت هاونیشتمانییانی سنووری شاری سلێمانی داوای هەڵگرتنی ئابڵووقەی سەر ئاسمانی سلێمانی و فڕۆکەخانەی خستە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی هاوبەشی لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان. ئەم جۆرە لە بەرنامەڕێژی و سیاسەتە و کردنەوەی ئاسمانی تورکیا لە درێژخایەندا جگە لەوەی کە تاکی کورد لە یەکتر نزیک دەکاتەوە و سنووری نێوان شار و دانیشتوانی دەبڕێت لە داهاتوودا دەبێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ دووبارە بووژاندنەوەی بازاڕەکانی کوردستان و کاری بازرگانی هاوبەش؛ بە تایبەت کە سلێمانی لەئێستادا بە دۆخێکی تاڕادەیەک قورس تێدەپەڕێت. لە کۆتاییدا هاونیشتمانییان سەرەڕای ئەوەی لە دڵەڕاوکێ و بەریەککەوتنی بێبنەما دوور دەخاتەوە لەڕووی ماددی و کاری بازرگانی سوودمەند دەبن. سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان، کاراکتەری باڵادەست و خاوەنی گۆچانە سیحراوییەکەی ناو گۆڕەپانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان لەو کاروانی ئاوەدانی و یەکڕیزی و هاوبەشییە بەردەوام دەبێت و دڵنیاین کە سەرجەم هێزە کوردییەکان ئەو پێداگیرییەی سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان بۆ زامنکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ تاک بە تاکی کوردستانییان، بەرز دەنرخێنن و چاوڕێی کاری زێتری لێ دەکەن.