دهۆک-KDP.info- فەرهاد ئەتروشی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک ڕایدەگەیەنێت: پێویستە هەڵمەتێکی شارستانی پڕ لە ئارامی بەڕێوەببرێت، بەڵینیش دەدات کە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزەری ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستان بێت و گوتی، بەڵێن دەدەین، پارێزەری گەل و نیشتمان بین و خزمەتی گەلی کوردستان بکەین.
فەرهاد ئەتروشی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک داوای لە خەڵکی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد، دەنگ بەو لیستە بدەن کە هەمیشە بەرگریی لە خەڵکی کوردستان کردووە و قوربانی داوە، خەباتی بەردەوامی کردووە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی لیستی پارتی لە پارێزگای دهۆک بەڵێنیدا کە بەردەوام بن لە بەرگریی کردن لە خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی، داواشی کرد هەڵمەتێکی شارستانی بەڕێوەببەن و هاووڵاتییان بێزار نەکەن.
کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەتوانن بە ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرجەم شار، شارۆچکە، ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەکانیان بکەن.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.