ھەولێر-KDP.info- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێکی سەبارەت بە ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بڵاوکردەوەو داوا دەکات هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندى ڕێنمایییه‌كانى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن و نابێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك ڕق و كینه بڵاو بكاته‌وه.
دەقی پەیامی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان.
هاووڵاتییانى خۆشه‌ویستى كوردستان،
هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان،
سبه‌ى كه ده‌ستپێكى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى فیدراڵه، داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندى ڕێنمایییه‌كانى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. بانگه‌شه‌یه‌كى شارستانى به‌ڕێوه ببه‌ن كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و فره‌ڕه‌نگیى پێكهاته‌كانى كوردستان بێت و نه‌بێته هۆى گرژى و دابه‌شكردن و بێزاركردنى كۆمه‌ڵگه و تێكدانى ئارامیى هاووڵاتییان.
هه‌مووان با ئازاد بن له بانگه‌شه‌كردن بۆ سیاسه‌ت و ئاراسته و كارنامه‌كه‌یان، به‌ڵام نابێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك ڕق و كینه بڵاو بكاته‌وه. خه‌ڵكى كوردستان ده‌بێ وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى مه‌ده‌نى، ململانێیه‌كى شارستانى له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌ڕێوه ببات. كاندیدبوونى ئافره‌ت زۆر گرنگ و بایه‌خداره، ده‌بێ ناو و پێگه و ڕێز‌ى پارێزراو بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێ ڕێز له هێما و پیرۆزییه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان بگیرێت، هێزه ئه‌منییه‌كانیش پیشه‌یییانه و بێ جیاوازى ئه‌ركى خۆیان له پاراستنى هه‌مووان جێبه‌جێ بكه‌ن.
دواجار هه‌موو ئه‌وانه‌ى له هه‌رێمى كوردستانه‌وه ده‌چنه ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى فیدراڵ، ئامانجیان خزمه‌تكردنى خه‌ڵكى كوردستان و عێراقه، ده‌بێ بزانن كه به یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى، ده‌توانن خزمه‌تى باشترى ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان و عێراق بكه‌ن و ماف و ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى بپارێزن. بۆیه نابێ له بانگه‌شه‌دا كارێكى وا به‌رانبه‌ر به یه‌كتر بكه‌ن كه سبه‌ى نه‌توانن پێكه‌وه كار بكه‌ن.
هیواى بانگه‌شه‌یه‌كى ئارام و سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌موو لایه‌ك و سه‌قامگیرى و سه‌رفرازى و پێشكه‌وتنى به‌رده‌وام بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌خوازم.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2025/10/2