Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بابەكر زێباری بۆ KDP: لە وەزارەتی پێشمەرگە میحوەر و فەرماندەیی نامێنن

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کورستان ڕایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی ڕێکسختنەوەی ھێزی پێشمەرگە، میحوەرەکان نامێنن و فیرقەکان سەرپەرشتیی میحوەرەکان دەکەن و دوو دەڤەریش دروست دەکرێن، کە ئەوان سەرپەرشتیی ھەموو فیرقەکان دەکەن.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کورستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لە چوارچێوەی ڕێکخستنی ھێزی پێشمەرگە و دروستکردنی فیرقە، لە وەزارەتی پێشمەرگە میحوەر و فەرماندەیی نامێنن و لەجیاتی ئەوان فیرقە و دەڤەر دروست دەکرێن وەکو فەیلەق، بۆیە ھەر فیرقەیەک لە شوێنی خۆی کارەکانی خۆی دەکات لەجیاتی میحوەر، بێگومان فیرقەش زۆر باشترە لە میحوەر، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەت دەبێت، بۆیە تاوەکو ٢٠٢٦ ھیچ میحوەرێک نامێنێت و فیرقەکان کاری خۆیان دەکەن و دوو دەڤەریش دروست دەکرێن.

زێباری، تایبەت بۆ ماڵپەڕی KDP.info دەڵێت، ئەو دوو دەڤەرەی دروست دەکرێن، سەرپەرشتیی فیرقەکان دەکەن، کە دروست کراون و ئەمانە لە ژێر فەرمانی ئەواندا دەبن و ئێستاش دروستکردنی ئەو دوو دەڤەرە لە قۆناغی کۆتاییدایە، کە یەکێک لە سحێلا تا پردێ و ئەوەی دیکەش تاوەکو خانەقین دەبێتە دەڤەرێک، بۆیە لە ھەرێمی کوردستان دوو دەڤەر دروست دەکرێن و کاریان سەرپەرشتیکردنی فیرقەکان دەبێت، ئەوەش ھەنگاوێکی زۆر گرینگە و باشترە لە میحوەرەکان، کە ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەیە و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبن.

بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەدا، لە ھەرێمی کوردستان فیرقە دروست بکرێن و تا کۆتایی ساڵی داھاتووش ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن یەک ھێزی پێشمەرگە.

 

بڵند ئیبراھیم