نارین عەبدولقادر
دروست لە ڕێکەوتی (7ـی حوزەیرانی 2017)، بە سەرپەرشتیی سەرۆک مه‌سعود بارزانی، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لە سەڵاحەددین، (25ـی ئەیلوولی 2017) بە رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دیاری کرا و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمیش پێکهێندرا.
دوای ئەو بڕیارەش، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری و رێکارەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەستپێکرد و پەرلەمانی کوردستانیش لە 15ـی ئەیلوولی 2017، بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پەسەند کرد.
هەروەها لەو ماوەیەدا، سەرۆک بارزانی بەبێ وەستان و ماندووبوون سەردانی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامانج و هۆکاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی روون کردەوە و داوای لە کوردستانیان کرد دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بدەن.
رۆژی 23ـی هەمان مانگ، کوردستانیانی تاراوگە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەستیان بە دەنگدان کرد و لە (25ـی ئەیلوولی 2017)ـش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ تا کەرکووک، هەموو کوردستانیانی شار و شارۆچکە و گوندەکان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئەو ئاواته‌ی سەدان ساڵ بوو هەموو کوردێک خەونی پێوەدەبینی.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، رێژەی بەشداریکردن لە ریفراندۆم گەیشتە 72%، بەشێوەیەک لەکۆی نزیکەی سێ ملیۆن و 306 هەزار کەس کە بەشداریی دەنگدانیان کرد، دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، کە دەکاتە رێژەی 92%ی کۆی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ریفراندۆم، وه‌ك پڕۆسه‌یه‌ك چەندین ره‌هه‌ندی سەرەکیی هەیه، کە تێکڕایان گرنگ و جێی بایه‌خن.
بۆ ئه‌وه‌ی ره‌گوڕیشه و كڕۆكی ریفراندۆم له ره‌هه‌ندە جیاکانەوە خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرێت، پێویسته له ناواخنی خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنەکانەوە ورد بینەوە، تا گرنگیی بڕیار و ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه له هه‌رێمی كوردستان وردتر بەدەر بکەوێت.
بێگومان، لە یەکێک لە ڕەهەندەکاندا، پێویستە كۆمه‌ڵێك به‌ها و هاوچاره‌نووسی و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكان لەبەرچاو بگرین، کە له‌م سۆنگه‌یه‌شەوە پڕۆسه‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه له بڕیاره هاوچاره‌نووسسازه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و تێگه‌یشتن بوو بۆ بینینی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه هاوبه‌شه‌كان.
وەک ڕوونە، یەکێک لە پرەنسیپەکانی نه‌ته‌وه، بریتییە له ده‌نگدان و راپرسییه‌كی به‌رده‌وام، بۆیه پڕۆسه‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، کە هەشت ساڵ پێش ئێستا ئەنجام درا، بریتییه له‌و به‌رده‌وامیدانه به مانه‌وه و بڕیاری نه‌ته‌وه.
ریفراندۆم به مانایه‌ك له ماناكان، پێدانه‌وه‌ی ناسنامه بوو به نه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها لەسەر باوەڕێک لە باوەڕەکان جەختی کردەوە، كه ده‌بێت ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی گوتاری ریفراندۆم بوون، هانده‌ر و جه‌ماوه‌ری بن له پرۆسه‌ی زیندووڕاگرتنی بڕیاری ریفراندۆم و لە ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه به‌رده‌وام بن.
بە پشتیوانیی گەلی کوردستان، ریفراندۆم ئامانجەکەی بۆ مێژوو تۆمار کرد کە کورد هەرگیز دەست لە مافه‌كانی هەڵناگرێت و ریفراندۆمیش بووە ئەو بەڵگەنامە بەهێزەی هەمیشە بە زیندوویی لە دەستی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستاندا دەمێنێتەوە.