Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەولا شلی بۆ KDP: سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی حکوومەتی ڕاگەیاندبوو سەردانی باوکم بکات

دھۆک-KDP.info- کچی پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان خالد شلی دەڵێت، ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی سەردانی باوکمی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستی بێت و ئامادەیی ھەر لە ڕۆژی یەکەمەوە دەربڕی بۆ ئەوەی ھەرچی پێویست بێت لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ چارەسەری باوکم بکرێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای دھۆک ژمارەیەک پڕۆژەی کردەوە، کە پێکھاتبوون لە کردنەوەی جووتسایدی شێخان-لالش، کردنەوەی کۆگا و سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی کۆمپانیای تۆیۆتا و کردنەوەی پارکی سەرھڵدان، سەردانی خالد شلی، پێشمەرگە و تێکۆشەری ناودار و ھەڵگری مەدالیای بارزانی نەمری کرد و لە تەندروستی ناوبرای پرسی، لەمبارەشەوە خەولا شلی، کچی تێکۆشەری ناودار خالد شلی، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژی نەخۆشکەوتنی باوکم لەسەرخەت بووە کە ماوەی مانگێکە لە ژێر چاودێری چڕدایە و ئەمڕۆش خۆی بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی سەردانی نەخۆشخانەی کردوو خۆشی قسەی لەگەڵ کردوو باسی لەوەکرد سەرۆک بارزانی سڵاوی بۆ جەنابتان ھەبوو و ئامادەیی نیشاندا بۆ ئەوەی ھەرچی پێویست بێت لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ چارەسەرکردنی بکرێت.

خەولا شلی باس لەوەش دەکات کە سەرۆک بارزانی بە بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندبوو لە نزیکەوە سەردانی مام خالد بکە و بزانە دۆخی تەندروستی چۆنە. 

پەیوەست بە دۆخی تەندروستی باوکی، خەولا شلی گوتی، "ئێستا دۆخی تەندروستی بەراورد بە سەرەتای نەخۆشکەوتنی باشترە، بۆیە ئومێد دەکەین باشتریش بێت و لە نەخۆشخانە بێتە دەرەوە، بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش جەختی لەوەکردەوە ھەرچی پێویستە بۆ خالد شلی دەکرێت بۆ ئەوەی بەسەلامەتی لە نەخۆشخانە دەربچێت و چارەسەر بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم