Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپه‌ڕی KDP گشتاندنه‌كه‌ی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەت و دامودەزگاکان بڵاوده‌كاته‌وه‌

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، گشتاندنێكی ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت كرد و لەمەودوا ڕێگە نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان ڕووماڵی بکرێن.

بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و ڕووماڵی بکەن.

ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە، كە تێیدا داوای كردووە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی ڕووداوەكان بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ڕێگە نەدرێت ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە، رێزگرتن لە ڕێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.