Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا تایبەت بەم پرسە کۆبوونەوە

هه‌ولێر -KDP.info-ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/16 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.

لە گوتارێکدا، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ناوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ـەوە، سوپاسی ڕۆڵ و هەوڵەکانی ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی لە پرۆسەکەدا کرد و بە کاریگەر لە قەڵەمی دان.

لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەشدا، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە و پێویستیی یەکخستنەوەیان، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە و ئەو قۆناغانەی کە ماون، خرانە ڕوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵ و هەنگاوی هاوبەش بە ئاراستەی خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ کرا.