Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەم وادەیەدا شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی تەواو دەکرێت

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەڵێت، "شەقامی 100 مەتری ناسراو بە شەقامی شاڕێگای بابان، 72% بۆ 75%ی كارەكانی تەواو بووە، حكوومەت و سەرۆكوەزیران گرنگی تایبەت بە پڕۆژەكە دەدەن و هیچ كێشەیەكی بودجەی نییە، بەپێ كاركردن لە پڕۆژەكە بەردەوام پارەی بۆ سەرف دەكرێ، کۆی بودجەکەیشی 400 ملیار دینارە."

زەردەشت ڕەفیق گوتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "شەقامی 100مەتری یەكێكە لە گرنگترین پڕۆژەكانی شاری سلێمانی، لەلایەن سەرۆكوەزیرانی كوردستان، مەسروور بارزانی بودجەی بۆ تەرخان كراوە، ئێستا پڕۆژەكە بەردەوام كاری تێدا دەکرێت."

زەردەشت ڕەفیق دەڵێ "72% بۆ 75%ی كارەكانی پڕۆژەی شەقامی 100مەتری تەواو بووە، بە شەقامی شاڕێگای بابان ناسراوە، تا ئێستا 27 كیلۆمەتری چینی قیڕی سێیەمی كراوە، 27 قەنتەرەی تێدایە، لەگەڵ پێنچ ئەندەر پاس و دوو بەرزەپردی گەورە، بەگشتی كارکردن لە پڕۆژەكە زۆرباشە."
هاووڵاتییانی سلێمانی خەونیان بە هەبوونی شەقامی فراوان و مۆدێرن دەبینی، ساڵانێكی زۆربوو نەدەتواندرا لە شەقامی 100 مەتری دەست بە کار بکرێت، بەڵام ڕۆژی 11ی تەمووزی 2020 مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان، هاتە سلێمانی و بەردی بناخەی بۆ دانا و بە خێرایی دەست بە كاركردن کرا."
هاووڵاتییان چاویان لەوەیە پڕۆژەکە بەزوویی تەواو ببێت.
سەرۆكایەتی شارەوانی بەرنامەی وایە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2026 پڕۆژەکە تەواو ببێت و بە ڕووی شۆفێراندا بكرێتەوە."
گوتیشی "سەرۆكی حكوومەت گرنگی بە پڕۆژەی شەقامی شاڕێگای بابان 100 مەتری دەدات، مەبەستیەتی لەكاتی خۆی تەواو بکرێت، نوێنەری حكوومەت سەردانیان كردووە و بەڵێنی هاوكاریان داوە و بەردەوام پارەی پێویست بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار تەرخان دەكرێت بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە کە کۆی بودجەکەی 400 ملیار دینارە.
شایانی باسە، بە تەواوبوونی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، لە شەقامەكانی سلێمانی قەرەباڵخی و خنكان نامێنێت، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەرەو شارەزوور، هەڵەبجە، پێنجوێن و دەربەندیخان دەڕۆن پێویست ناكات شەقامی تاسلوجە بەكار بێنن."

 

عەزیز ڕەسووڵ