Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە KDPوە بزانە بەھۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە چەند مۆلیدە کوژاونەتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێمی کوردستان دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار مۆلیدە کوژاونەتەوە و سەنتەری ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمیش بوونەتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.

فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی لە ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا ٣ ھەزار و ٢٢٢ مۆلیدە لە ھەرێمی کوژاونەتەوە، کە لە ھەولێر ٢ ھەزار و ١٩٧ مۆلیدە و لە سلێمانی ٦٠٤ مۆلیدە و لە دھۆک ٣٥٦ مۆلیدە و لە ھەڵەبجە ٦٥ مۆلیدە کوژاونەتەوە، بۆیە بەردەوامیش دەبێت لە ھەر شوێنێک کارەبای رووناکی پێ بگات مۆلیدەکان دەکوژێنەوە و تاوەکو کۆتایی پڕۆژەکە حەوت ھەزار مۆلیدە دەکوژێندرێنەوە.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فارس میرخان ڕوونی کردەوە، بەھۆی کوژانەوەی ئەو مۆلیدانەی لەم قۆناغەدا کوژاونەتەوە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن، ساڵانە لە ھەولێر ٤١٠ ھەزار تۆن و لە سلێمانی ١١٢ ھەزار تۆن و لە دھۆک ساڵانە ٦٣ ھەزار تۆن و لە ھەڵەبجە ساڵانە ١٥ ھەزار تۆن کەم بووەتەوە، کە کۆی گشتی ٦٠٠ ھەزار تۆن کەمکردنەوەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆنە، کە کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر پاکبوونەوەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەبێت.

ناوبراو هەروەها دەشڵێت، لە ئێستادا پارێزگای ھەڵەبجە بە گشتی و سەنتەری پارێزگای سلێمانی و سەنتەری پارێزگای ھەولێر و سەنتەری پارێزگای دھۆک بوونەتە کارەبای ٢٤ کاتژمێری و لە قەزا و ناحیەکانیش دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت، کە لە ھەولێر لە بەحرکە و بەشێکی خەبات دەستی پێکردووە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی مانگی ١٠ی ئەمساڵ ٨٠%ی پڕۆژەی ڕووناکی جێبەجێ بکرێت و تا کۆتایی ساڵی داھاتووش لە ھەموو ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

بڵند ئیبراھیم