ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵ گەورەترین گۆڕانکاری لە مێژووی پەروەردە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە پرۆگرامی خوێندندا ئەنجام دراوە و لە ئێستادا پەرتووک بۆ ئەمساڵی خوێندن چاپ کراون و ئامادەن، کە لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندندا دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.
مامۆستا حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبهت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، وەکو وەزارهتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ دابەشکردنی پەرتووکی ئەمساڵی خوێندن و سەرەڕای قەیرانی دارایی، بە سوپاسەوە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دەربڕیوە ئەمساڵ پەرتووک لە وڵاتی ئیمارات لە چاپخانەی (مەساری) بە گوژمەی زیاتر لە ٢٥ ملیار دینار چاب بکرێن، کە ئەو چاپخانەیە زۆر گەورە و بەناوبانگە و ١٩ وڵاتی بیانی و ناوچەکە لەوێ پەرتووک چاپ دەکەن، ئێستاش پەرتووک ھەمووی ئامادەیە و گەیشتوونەتە کۆگاکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو پارێزگاکان و لە ڕۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە ھەموو قوتابخانەکان دابەشی سەر قوتابیان دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەورەترین گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندندا کردووە، کە لە مێژووی عێراق و ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی وەها گەورە نەکراوە، کە نزیکەی ١٤٢ پەرتووک بە ھەموو زمانەکان گۆڕدراون بە ناونیشانی تازە و پرۆگرامی تازە و سەردەمیانە، بۆ ئەوەی لە گۆڕانکاریی تازە دانەبڕێین، بۆیە زیاتر لە ٢٢ ملیۆن و ١٣٤ ھەزار و ٧٤ پەرتووک چاپ کراون و تێچووەکەشیان زیاتر لە ٢٥ ملیار دینارە.
بڵند ئیبراھیم