هەڵەبجە-KDP.info- ڕۆژی 11ی ئەیلوولی 1961 شۆڕشی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتیی مستەفا بارزانیی نەمر، دەستی پێكرد و پۆل پۆل كوردستانیان بە گەنج و پیرەوە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، کە دواجار ئەو شۆڕشە مەزنە بووە خاوەنی هەزاران پێشمەرگەی قارەمان.
كچان و كوڕانی نەوەكانی شۆڕشی ئەیلوول دەڵێن، ئێمە شۆڕشمان نەبینیوە، بەڵام درێژەپێدەر و پارێزەری بەرهەمی خەباتی شۆڕشی ئەیلوولین. لەو بارەیەوە، شەهێن هەڵەبجەیی، كچە چالاكوانی پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، شۆڕشی ئەیلوول ئەو هەنگاوە گرنگەی كورد بوو بە ڕێبەرایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، سەركردەی كاریزمای كورد، کە بە جیهانی گوت، كورد هەرگیز لە ماف و داواكارییەكانی پاشگەز نابێتەوە. ئێمە دڵخۆشین لە هاوڕێبازانی شۆڕشی ئەیلوولین، ئێستاش بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی سوورین لەسەر داواکردنی مافە ڕەواكانی خۆمان.
شەهێن هەڵەبجەیی گوتیشی، دوێنێ شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا و ئەمڕۆ بەرهەمی خوێنی شەهیدەكانمان دەچنینەوە، كورد لە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول توانیویەتی قەوارەیەكی سیاسی و دیموكراسیی هەبێت و ژیانی ئاسایی و سەربەرزانە و ئارام و سەقامگیر بێتە ئاراوە.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی مهزنی ئەیلوول، پرسی كورد بەجیهانی كرا، دۆستانی كورد هاوشان لەگەڵ چیاكان لە فراوانبووندا بوون. پارێزەر كامەران لەتیف لە گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، شۆڕشی ئەیلوول شانازیی نەتەوەیەكە، شۆڕشی ئەیلوول و ڕێبەرەكەی مستەفا بارزانیی نەمر، بۆ گەلەكەیان خەبات و شۆڕشیان بەرپا كرد و بە جیهان گوترا، ئێمە گەلێكین مافمان هەیە و مامەڵەکردن بە ئاگر و ئاسن لە ڕژێمی داگیركەر قبووڵ ناکەین، هەر بۆیە هەموو ڕێگهكانی ڕووبەڕووبوونەوە بۆ ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ گەلەكەمان دەگرینە بەر.
كامەران لەتیف دەشڵێ، ڕۆژانی تاریكی كورد بە دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول لە 64 ساڵ لەمەوبەر، بەرەو ڕووناكی هەنگاوی ناو شۆڕشی ئەیلوول زۆر لە شۆڕشی گەلانی تر لە جیهان گرنگتر بوو، کە تەنیا خوا و گەلەكەی و چیاكان لە پشتی بوون، ئێستا گەلەكەمان بەهۆی بەرهەمی شۆڕشەوە ئازادە و حكومڕانیی خۆماڵیمان هەیە و چاومان لە ئاسۆیە بۆ سەربەخۆیی.
ناوبراو هەروەها ئاماژەش دەدات، کاتێک چیرۆکی ڕۆژانی سەختی شۆڕشی ئەیلوول دەبیستیت، بۆت ڕوون دەبێتەوە کە شۆڕش چۆن و لە چ بارودۆخێکی سەختدا دەستی پێكردووە و ئەمڕۆی ئازادی و دیموكراسی چەندە بەزەحمەت بەدەست هاتووە، بۆیە لەسەر هەموو تاكێك فەرزە پارێزگاری لە قەوارەكەمان بکات.
شۆڕشی ئەیلوول، چۆكی بە حكوومەتی ئەوكاتی عێراق دادا و چەندان جار بۆ دانوستان ڕوو لە سەركردایەتیی كورد کرا. لەو بارەیەوە، نێچیرڤان ئەمین، کە چالاكوانێکی پارێزگای هەڵەبجەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، هەڵهاتنی خۆری هیوا و یەکگرتنی ڕزگاریخوازان بوو بۆ بەگژداچوونەوەی حکوومەتی عێراق، ئەمەش دەرەنجامی پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کورد بوو، کە ڕژێم لە هەموو شكستەكانیان بەرامبەر بە شۆڕش، داوای دانوستانیان دەكرد، بەڵام هەرگیز ئەقڵییەتی حكومڕانەكان لە بەغدا لەگەڵ ڕێككەوتن و ئاشتی نەبووە لەگەڵ گەلی كورد، بۆیە ئێستاش پاش 64 ساڵ كورد لە قۆناغێكی تردایە و عێراقیش حكومڕانەكانی گۆڕاون، بەڵام ههندێك لایهن هەمان بیر و زهنی شۆڤێنییان هەیە وەك ڕژێمەکانی پێشووی خۆیان بۆ پێشێلكردنی مافەكانی گەلی كورد.
ئەو چالاکوانە ئەوەش دەخاتە ڕوو، تەواوی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستان بەرهەمی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی مێژووی ئازادیخوازیی گەلی کوردن، کە دیارترینیان شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، بۆیە دەبێ دەرفەتەكان بقۆزینەوە و بە یەكگرتوویی پارێزگاری لە دەستكەوتەكانمان بكەین.
عەزیز ڕەسووڵ