Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی دەوڵەتی ئیمارات دەكات

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی پێنجشەممە 11ی ئەیلوولی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆكایەتیی بەڕێز سەعید موبارەك ئەلهاجری وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان كرد.

لەسەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی، جەختیان لە دۆستایەتی و هەڵوێستی سەركردایەتیی ئیمارات لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد و سڵاوی حاكمی ئیمارات و سەركردایەتیی وڵاتەكەیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها سوپاس و پێزانینیان هەبوو بۆ دیدار و كۆبوونەوەكانیان لە هەرێم و ئەو دەرفەتانەی كە خراونەتە بەریان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بوارەكانی تر لە ئێستا و لە داهاتوو.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و خەڵك و سەركردایەتیی ئیماراتی كرد كە هەمیشە لەڕێی ڕێكخراوە مرۆییەكان هاوكار و پاڵپشتی هەرێم بوونە بە تایبەت لەكاتی هاتنی سەدانهەزار ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پتەوتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی هەردوولا كرد.

بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.