Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكی حكوومه‌ت: جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرینگه‌كانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە

ھەولێر-KDP.info- مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی بەبۆنەی(٦٤)ەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێ، بەهۆی خۆڕاگریی و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و یەکگرتوویی گەلی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چەندین دەسکەوتی گرینگ بەدیهاتن. 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شۆڕشی مه‌زنى ئه‌یلوول بەڕێبەرایەتی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، كە شۆڕشێکی سەرتاسەری خه‌ڵكی كوردستان بوو به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئایین وپێکهاتە جیاوازه‌كانەوە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و وەستانەوە دژی ستەم و داگیرکاری.

بەهۆی خۆڕاگریی و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و یەکگرتوویی گەلی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چەندین دەسکەوتی گرینگ بەدیهاتن کە گرنگترینیان ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 و ناچارکرنی ڕژێمی عێراق بوو کە دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت. 

لە ( 64 )مین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرینگ و بەنرخەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە لە یەکگرتوویی و تەبایی هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانی گەلی کوردستان لەپێناو داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.

 

پیرۆز بێت یادى شۆڕشى مەزنی ئه‌یلوول.

سڵاو لە گیانی پاکی شه‌هیدانى شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی كوردستان. ف

 

مه‌سروور بارزانی 

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 

11ی ئه‌یلوولی 2025