زکری مووسا
ئەمەی ڕۆژی ھەینی ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لە پاریس ڕووی دا، لە مێژووی پەیوەندیی گەلی کوردستان لەگەڵ ئەوروپادا لاپەڕەیەکی زێڕین و بێوێنەیە. سەت ساڵ لەو ستەمە تێدەپەڕێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گەلی کوردستانی کرد. گەلی کوردستان بە دەرئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان ڕازی نەبوو و کەوتە ناو خەباتێکی ئەفسانەیی دوورودرێژ و سەدان ھەزار قوربانی دا. لەم ڕێیە سەخت و دژوارەی قوربانیدان و پێداگری لە ناسنامەدا پێشمەرگە، یەکێک بوو لەو ئامراز و چەمکە باڵایانە کە گەلی کوردستان لە خەباتی خۆیدا بەھۆیەوە بەرگریی لە مان و نەمانی خۆی دەکرد.
پێشمەرگە لە خەباتی خۆیدا لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ھەردەم پارێزەری ئازادی و بەھا باڵاکان بووە. بۆ یەک جاریش پێشمەرگە لە خەباتی چەکداریی خۆیدا دەستی بۆ تیرۆر و تۆقاندن نەبرد. ئەگەرچی نەیارەکانی نامرۆڤ و بێویژدان بوون بەڵام مەرد و مەردانە لە تێکۆشان و خەباتیدا بەردەوام بوو و بووە یەکێک لە نموونە باڵاکانی خەباتی سەردەم. ھەروەک لەناوەکەیدا دیارە پێشمەرگە بە پێش مەرگی خۆی دەکەوێت بۆ ئەوەی ژیان بپارێزێت، باشە چ بەھایەک لەمە باڵاترە؟؟ لە شەڕی تیرۆریستانی داعشیشدا ئەوە پێشمەرگە بوو بە خوێن و فیداکاری و پێداگریی خۆی بووە قەڵغانێک بۆ مرۆڤایەتی و بەرگریی لە بەھاکان و ئازادی کرد و بە خوێنی خۆی سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد، بەڵێ دەتوانین بڵێین جیھان قەرزاری پێشمەرگە و بوێری و نەبهردییەکەیەتی.
دوای سەت ساڵ، ئێستا لە پاریس ڕێزی پێشمەرگە و خەبات و ماندووبوونەکەی دەگیرێت. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە و مانایەکی زۆر قووڵی ھەیە و بۆ ھەموومان دەبێ جێگەی شانازی و خۆشحاڵی بێت. لەو نێوەدا ڕەنگە زۆر کەس قسە بکەن، ڕەخنە بگرن، ڕق ھەڵگرن بەڵام ئەمانە ھیچیان زۆر گرنگ نین، گرنگ ئەوەیە کارەکە کرا و ناوی پێشمەرگە لە یەکێک لە پایتەختە ھەرە گرنگەکانی ڕۆژئاواییدا بۆ تاھەتایە بووە یادگاریی ھاوبەش و ھێمای دۆستایەتیی نێوان فەڕەنسا و کوردستان.
مەڕاسیمەکەی پاریس دڵی ھەموو تێکۆشەر و خەباتکار و ئازادیخوازێکی شاد کرد بەڵام لەنێو ئەوانەدا یەکێک ھەبوو کە لە ھەموومان خۆشحاڵتر بوو و ناخی پڕ بوو لە شادی و شانازی. ئەو کەسە سەرۆک مەسعود بارزانی بوو. ئەو کە ڕەمزی تێکشکاندنی ئەفسانەی داعشە و ھەمیشە خۆی بە پێشمەرگە زانیوە و پێشمەرگەبوون بە باڵاترین پلە دەزانێت، لە ڕۆژی ھەینیی پاریسدا لە بەرگی پێشمەرگەیەکدا بە پەردەلادان لەسەر ناوی پێشمەرگە لە پایتەختی ئازادی و شارستانیەتی ڕۆژئاوا بەردێکی تری دانایە سەر دیواری بەرزی شانازییەکانی گەلی کوردستان. سەرۆک بارزانی زۆر باش دەزانێ ئەمە بۆ ئازادیخوازانی کوردستان پڕە لە مانا و ڕووناکی بۆ ئەو ڕێگەیەی کە ھێشتا ماوەیانە بیبڕن.