Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوی پێشمەرگە لە گوێچکەی ئازادیخوازانی جیهاندا دەزرینگێتەوە

زاگرۆس فەتاح

(سەرۆك بارزانی) وەك ڕێبەر و سیمبولی پێشمەرگە و خەباتی ڕزگاریخوازی كورد، بۆ جارێكی دیكە، (بەڵام ئەمجارەیان لە فەڕەنسای دۆست و پاڵپشتی هەمیشەیی دۆزی ڕەوای كورد) ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی وەك جەنگاوەری بەرگریكار لە جیهان دژی تیرۆریستانی داعش، بە گوێی جیهاندا دایەوە.

‎فەڕەنسییەكان بڕیاریان دا، بە ناولێنانی ڕێڕەوێك لە پارکی (ئۆندرێ سیترۆئێن) بە ناوی پێشمەرگە، ڕێز لە قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرن، لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانیش بە جلی پێشمەرگایەتییەوە لەوێ ئامادە بوو، وەك ڕێز و پێزانینیش پەیكەری پێشمەرگەی بەخشییە فەڕەنسییەكان و پاریسی پایتەختی جوانی و ئازادیخوازی، بە فەڕەنسییەكانیشی گوت، ئێمەی كورد هەرگیز پشتیوانیی ئێوەمان لەبیر ناچێت.

‎پەیوەندیی سەرۆك بارزانی و گەلی كورد لەگەڵ فەڕەنسادا پەیوەندییەكی مێژووییە، لە دوای ڕاپەڕین و ئاوارەیی خەڵكی كوردستانیش ئەو پەیوەندییە لەسەر دەستی خاتوو دانیاڵ میتران و فرەنسوا میترانی سەرۆكی ئەوكاتی فەڕەنسا گەیشتە ئاستێكی بەرز، بە جۆرێك كە كورد لەو سەردەمەدا ناوی دایكی كوردانیان لە خاتوو دانیال میتران نا.

‎ناولێنانی ڕێڕەوێك لە پاركی (ئۆندرێ سیترۆئێن) بە ناوی پێشمەرگە، ئەوە دەسەلمێنێت كە فەڕەنسییەكان گەل و دەوڵەتێكی بەوەفان و قوربانیدانی پێشمەرگەیان لەبیر نەكردووە.

‎بانگهێشتكردنی سەرۆك بارزانیش وەك ڕێبەر و سیمبولی پێشمەرگە بۆ ئەو مەراسیمە، گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە، لە ڕێی ئەم كارەوە بیری فەڕەنسییەكان بەتایبەتی و ئەورووپا و جیهان بە گشتی خرایەوە كە پێشمەرگە شایستەی ڕێزلێنانن، چونكە لە پێناوی بەرگریكردن لە ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی، قوربانییان داوە.

‎ئەمەی هەیە و دەیبینین  بەرهەمی سیاسەتی حەكیمانە و هەڵوێستی نەگۆڕی ئاشتیخوازانە و نەتەوەییانەی سەرۆك بارزانییە، بۆیە ئێمەش بەڵێنمان داوە هەمیشە لەسەر ئەو ڕێگه‌ و ڕێباز و هەڵوێستە نەگۆڕ و ئاشتیخوازانە و نەتەوەییانەی سەرۆك بارزانی بەردەوام بین تا كوردستان دەگاتە كەناری ئارامیی یەكجاری..

 

هەمیشە پایەدار بێت سەرۆك بارزانی.

سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان، كە هەموو سەروەری و دەستكەوتەكانی كوردستان بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی ئەوانە.

‎بژی كورد و كوردستان

‎بژی پێشمەرگە