Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆ یەکەمجارە لە ھەرێمی کوردستان و لە قەزای بازیان ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، لە ھەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار ئاوی ئاوەڕۆ پاک دەکرێتەوە بەبێ ئەوەی ھیچ ئامێرێک بەکار بهێنن و دووبارە بۆ کەرتی کشتوکاڵ بەکار دێتەوە، کە ئەمە تازەیە و یەکەم جارە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

د. کاروان ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بۆ یەکەم جار پڕۆژەیەک لە قەزای بازیان جێبەجێ کرا، کە ئاوی ئاوەڕۆ پاک دەکرێتەوە و دووبارە بۆ کەرتی کشتوکاڵ بەکار دەھێندرێت، کە بەشێکی ئاوی ئاوەڕۆی بازیان بە شێوەیەکی سرووشتی و ژینگەیی بێ ئامێر پاک دەکرێتەوە و تێچووی ئابووری کەمە، ئەمە یەکەم پڕۆژەیە ئاوی ئاوەڕۆ پاک دەکاتەوە و بۆ کەرتی کشتوکاڵ بەکار دێت.

ھەورامی هەروەها گوتیشی، کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو پڕۆژەیە سەرکەوتوو بێت، ئەوکات لە شوێنی دیکەش دووبارەی دەکەینەوە، چونکە ئاوەکە بۆ کەرتی کشتوکاڵی بەکار دێت و ئەو پڕۆژەیەش بە پشتیوانیی رێکخراوی (wfp) جێبەجێ دەکرێت، کە سەرەتا لە ڕێگەی نیشتنی ئاو و دواتر لە ڕێگەی بەرد و خۆڵ پێشی دەگرن و پاشان لە ڕێگەی ھەندێک سەوزاییەوە دەپاڵێورێت وەکو قامیش و گژوگیا و ڕەگی ئەوانە پاکی دەکاتەوە، بۆیە ڕێگەیەکی زۆر ژینگەیی و نوێیە بۆ پاککردنەوەی ئاوی پیس بەکار دێت.

 

بڵند ئیبراھیم