گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتێکی باشی گەرمیانی کردووە و پێویستی بە خزمەتی زیاتر ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی دەڤەرەکەی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە خەڵک بگرێت و ئێمەش داواکاریی خەڵکمان پێشکەش کرد، تاوەکو خزمەتی زیاتری دەڤەرەکە بکرێت.
حوسێن کەلاری، بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ھەموو قەیرانەکان، خزمەتێکی باشی سنووری گەرمیانی کردووە، کە گەرمیان خاوەن پێگەیەکی مێژووییە لە خەبات و قوربانیدان و تا ڕادەیەکی باش ئاوڕ لە ناوچەکە دراوەتەوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی زۆر بە ناوچەی گەرمیان دەدات، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ناوچەکە و گوێکردن لە داواکاریی خەڵک، سەردانی دەڤەری گەرمیانی کرد و ئێمەش داواکاری و پێویستیی ناوچەکەمان خستە بەردەمیان بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و جێبەجێ بکرێت.
کەلاری، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لەوەش کرد، ئێمە وەکو لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، بووینەتە پردێکی بەھێز بۆ ئەوەی داواکاریی خەڵکی گەرمیان بگاتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جێبەجێ بکرێت و خزمەتی زیاتری سنووری گەرمیان بکرێت، بۆیە ئەوەی زۆر پێویست بووە لە پێدانی زەوی و دروستکردنی خانوو بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان کراوە و خزمەتگوزاریی باشیش پێشکەش کراوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت خزمەتی زیاتری دەڤەری گەرمیان بکرێت و گەرمیان شایەنی ئەوەیە خزمەتی زیاتری بکرێت، بۆیە بەردەوام لەگەڵ حکوومەت لەسەر هێڵ دەبین بۆ ئەوەی زۆرترین پڕۆژە لەو سنورە جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی خۆی دێت لەنزیکەوە سەردانی خەڵکی ئێمە دەکات و داواکاریی خەڵکی ئێمە وەردەگرێت لەنزیکەوە و گوێیان لێ دەگرێت، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و جێبەجێ بکرێت، چونکە لە سنووری گەرمیان زۆرترین داواکاری لەسەر خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و تەندروستی و ژێرخانی ئابوورییە، کە ئەوانە زۆر داوا دەکرێن.
بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی لە گەرمیان دەشڵێ، ھاتنی شاندە حکوومییەکان بۆ دەڤەری گەرمیان بۆ ئەوەیە خۆیان ھەموو شتێک بە چاوی خۆیان ببینن، کارێکی زۆر باش و پێویستە و ئێمەش وەک داکۆکیکار لە مافی خەڵک ھاوکار و پاڵپشتیانین، بۆیە لە فەرمانگەکانەوە بگرە تا ھاووڵاتییەکی ئاسایی کاری لای حکوومەت ھەبێت، ھاوکاری دەکەین بۆ ئەوەی کارەکەی جێبەجێ بکرێت، چونکە ئێمە خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک دەزانین و بەو شێوەیەش بەردەوام دەبین.
بڵند ئیبراھیم