Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکومەت، پێشوازی لە فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا کرد

ھەولێرKDP.info-  ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 9/2، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەدمیراڵ براد کووپەر فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ( CENTCOM )کرد.

  لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە ، دوایین پەرەسەندنەکانی بارۆدۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.  سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەدمیراڵ کووپەر کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواست . سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکا دووپات کردەوە. سەرۆکی حکومەت هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە جه‌نه‌راڵ كیڤن لامبێرد، فه‌رمانده‌ى نوێی هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا كرد کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەربڕی. ڕووبەرووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا ، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.