ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی "لە سەرەتای ساڵی داھاتوو دەرماڵەی مامۆستایان لە ١٥٠ھەزار دینار بۆ ٣٠٠ھەزار دینار زیاد دەبێت."
مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەنجامی سەردانی شاندی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان زۆر باش بوو، باس لە زیادکردنی دەرماڵەی مامۆستایان کرا، وەک چۆن مامۆستایانی عێراق دەگرێتەوە، بەھەمان شێوە مامۆستایانی ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی کۆمار پەسەند دەکرێت، بۆیە بڕین و زیادکردن وەک یەک ھەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە.
سەردانی سەندیکای یەکێتی مامۆستایانی عێراقیشمان کرد، زۆریان پێ خۆشبوو پێکەوە بۆ ئەو مەبەستە کار بکەین، سەردانی جێگری سەرۆکی یەکەمی پەرلەمانی عێراقمان کرد، ئەویش لەگەڵمان ھاوسۆز بوو و کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە."
مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی گوتیشی "پەیاممان دایە حکوومەتی عێراقیش، لە ئایندە سەردانیشیان دەکەین، سەرۆکوەزیران بەھۆی ئەوەی دوێنێ لە مووسڵ بوو نەمانبینی، پەیاممان پێگەیاند، بۆیە ھیچ بەربەستێک نیە ھەرێمی کوردستان نەگرێتەوە، پێویست بوو لە پەرلەمانیش نوێنەرانی ئێمە خاڵێک زیاد بکەن و بەناو بیانگوتبووایە ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بۆیە دەرماڵە لە ١٥٠ھەزار بۆ ٣٠٠ھەزار دینار زیاد دەکرێت، لە سەرتای ساڵی نوێ ئەو بڕیارە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن."
بڵند ئیبراھیم