Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. هێمن هەورامی و مازن ئەلفەقیه دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانیان تاوتوێ کرد

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە مازن ئەلفەقیه، بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووریی کونسوڵخانەی ئەمەریکا و شاندی یاوەری كرد و لە دیدارەکەدا، د. هێمن هەورامی، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق و باری سەرنج و سیاسەتی پارتی، بۆ ڕوونکردنەوە.

رۆژی سێشەمە ۲ی ۹ی ۲٠۲٥ د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پیرمام پێشوازی لە مازن ئەلفەقیه، بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووریی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا و شاندی یاوەری کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، د. هێمن هەورامی، وێڕای بەخێرهێنان، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد کە وەک بەرپرسی نوێی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار بووە.

لای خۆشیەوە، بەرپرسی نوێی کاروباری سیاسی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەم پۆستە نوێیەی  و بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پێشهاتە سیاسییەکان و بەرچاوڕوونیی زیاتر لەسەر هاوكێشەو بابەتە جۆراوجۆرەکانی ناو هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بە گرینگ زانی.

دواتر د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی ۱۱ی ئەمساڵ و پەرەسەندنە هەرێمایەتییەکانی لە تورکیا و سووریا، سەرنج و سیاسەتی پارتی لە بارەیانەوە بۆ ڕوونکردنەوە.