هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بوارە ئەمنی و سەربازییەکاندا، بە پاڵپشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر داوای ڕاوێژکاری سەربازیی هێزەکانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، وۆرکشۆپێک لە ژێر ناوی (ژن، ئاشتی و ئاسایش) تایبەت بە بڕیاری (١٣٢٥) کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایش نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری لەسەر دراوە، بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ژن لە وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لەم وۆرکشۆپەدا، کە ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ژن لە دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکان، هەروەها نوێنەرانی سەرجەم یەکەکان و فیرقەکانی سەربە وەزارەت بەشدارییان تێدا کرد، ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەی ژنان و ئافرەتان بوو دەربارەی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی کە لە دژیان ڕوودەدات و بەرەنگاربوونەوەی جیاکاریی ڕەگەزی لە شوێنی کار و دڵنیاکردنەوە لە یەکسانی لە ئەرک و مافەکاندا و جەختکردنەوە لە گرنگیی بەشداریکردنی ژنان لە پڕۆسەی بڕیاردان و پارێزگاریکردن لە مافی ژنان بۆ بەشداریکردن لە بوارە سەربازی و ئەمنییەکاندا.
ئەم وۆرکشۆپە، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پێشخستنی یەکسانیی ڕەگەزی لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دادەنرێت و ڕۆڵی بەرچاو و کارایی ژنان لە بوارەکانی ئاشتی و ئاسایشدا پێناسە دەکات.