Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد شوکری لە ڕێگەی KDPیەوە باسی ئەنجامدانی کۆڕبەندی ھەرێم و میسر دەكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی کۆڕبەندێکی ئابووری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی میسر بەڕێوە بچێت، چونکە دەمانەوێت وەبەرھێنەرانی میسری سوود لە دەرفەتەکانی وبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان وەربگرن.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ڕاکێشانی وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی وبەرھێنان لە ھەموو سێکتەرەکاندا، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆڕبەندێکی ئابووری و وەبەرھێنان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی میسر دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەماھەنگییەکی باشمان لەگەڵ کۆنسووڵخانەی میسر ھەیە.

سەبارەت بە ئامانجەکانی کۆڕبەندەکە، د. محەمەد شوکری گوتی، دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەو کۆڕبەندەوە دەرفەتەکانی وەبەرھێنان و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان پێشانی وەبەرھێنەر و سەرمایەدار و کۆمپانیا میسرییەکان بدەین، بۆیە لەو کۆڕبەندەدا وەبەرھێنەر و بازرگان و کۆمپانیا میسری و ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان بەشدار دەبن.

ناوبراو دەشڵێت، بڕیارە ئەو کۆڕبەندە لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و ئامادەکاریی زۆر باش کراوە و دەمانەوێت ئاستی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و میسر بەرز بکرێتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم