Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. هێمن هەورامی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵەندا و کونسوڵی هۆڵەند کرد

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عێراق و کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد، لە دیدارەکەدا سوپاس و پێزانینی پارتی بۆ هەڵوێست و پشتگیری و پشتیوانی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ۲٠۲٥/٩/١، د.هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە کریستۆف  پرۆمێرشبێرگەر هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عێراق و ئەدریان ئایستلستین کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵەندا بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی پارتی لە هاوکێشە ناوخۆیی و عێراقی و ئیقلیمیەکانی ڕووانی و جەختی کردەوە گرنگە بۆ هۆڵەندا دوایین سیاسەت و هەڵوێستی پارتی لەسەر کۆی هاوكێشەکان بەتایبەت پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی مانگی ۱۱ لە عێراق و دۆخی سووریا و پەرەسەندنە هەرێمایەتییەکانی دیکە بزانن.

وێڕای بە گەرمی بە خێرهێنانیان، د. هێمن هەورامی سوپاس و پێزانینی پارتی بۆ هەڵوێست و پشتگیری و پشتیوانی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی بۆ برەودان بە پڕۆژە جیاجیاکان و پشتیوانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بۆ دووپاتکردنەوە.

بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی ئەوەشی ڕوونکردەوە کە هۆڵەندا دەتوانێت لە سێکتەر و بواری جودا جودا هاوکاری هەرێمی کوردستان بێت. هاوکات لەسەر پرسی سیاسی ناوخۆیی و پەیوەندی لایەنەکان و ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دۆخی سووریا و پرسی ئاشتی لە تورکیا، بەوردی سیاسەت و هەڵوێست و بۆچوونی پارتی ڕوونکردەوە.