ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ئێستادا سەنتەری پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و ھەڵەبجە بە تەواوی بوونەتە کارەبای ٢٤ کاتژمێری و تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار مۆلیدە کوژاونەتەوە، دەشڵێ، ئەوانەی قەرزی کۆنیان لایە کاتێک دەبێتە کارەبای ٢٤ کاتژمێری قەرزەکە دەخرێتە سەر پسوولەی تازە و پێویستە بگەڕێندرێتەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان چوار ملیۆن ھاووڵاتی و یەک ملیۆن ھاوبەش لە پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەند بوونە، کە لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی دوو ملیۆن ھاوبەشی کارەبا ھەن، بۆیە ئێستا پڕۆژەکە ٥٠%ی جێبەجێ کراوە و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، تا کۆتایی ساڵی داھاتوو کارەبا لە تەواوی ھەرێمی کوردستان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، چونکە تیمەکان بەردەوام بە شێوەیەکی زۆر باش و رێکوپێک کاری خۆیان ئەنجام دەدەن.
ئومێد ئەحمەد گوتیشی، لە ئێستادا لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و سلێمانی بە تەواوی پڕۆژەی ڕووناکی جێبەجێ کراوە و ھەڵەبجەش وەکو یەکەم پارێزگا بە تەواوی پڕۆژەکەی لێ جێبەجێ کراوە و ئەو گرفتانەی ھەندێک جاریش ڕوودەدەن وەکو پچڕانی کارەبا، کاتییە و چارەسەر دەبێت و ھیچ گرفتی پچڕانی کارەبا نامێنێت، کە بڕیارە تا دوای شەش مانگ مۆلیدەکان کار بکەن و ھاوکارمان بن لە کاتی حاڵەتی کوژانەوەی کارەبا و دواتر بە یەکجاری مۆلیدەکان دەکوژێنەوە، بۆیە تائێستا سێ ھەزار و ٢٢ مۆلیدە لە ھەرێمی کوردستان کوژاونەتەوە.
لەبارەی قەرزەکانی کارەبا لای خەڵک، کە دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی چییان بەسەردێت، ناوبراو گوتی، قەرزەکان لەگەڵ پسوولەی تازە دەخرێتە سەر ئەو پسوولەیە و پێویستە لە داھاتوودا ئەوەی قەرزی لابێت بیداتەوە و تاوەکو ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە لەو قەرزانە خۆشبن، چونکە ئەوە قەرزە و ھاووڵاتیان نەیانگەڕاندۆتەوە و پێویستە بیگەڕێننەوە، بۆیە چەند قەرزدار بێت کاتێک کارەبا دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، دەخرێتە سەر ئەو پسوولەیە و پێویستە بگەڕێندرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم