Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ عومەر بۆ KDP: ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان دیاری کراوە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەرەنگابوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان دەڵێ، ستراتیژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان دیاری کراوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا سەنتەرێکی گەورەی چارەسەرکردن و شیاندنەوە دەکرێتەوە.

فازڵ عومەر، ئەندامی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لیژنەی باڵا دەرئەنجامی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٠ی پەرلەمانی کوردستانە، کە تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانە، ماوەکانی ڕابردوو بەشێوەیەکی بەردەوام مانگانە لیژنەکە کۆبووەتەوە و ستراتیژ و بەرنامەی کار و ھەنگاوی باشی بڕیوە، دەتوانم بڵێم لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک ھەنگاوی ناوە بە ئاراستەی جێبەجێکردنی یاساکە، لە ئەنجامدا ستراتیژێکی لێ دەرچوو، کە ئەو ستراتیژە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت و لیژنەی باڵاش مانگانە کۆدەبێتەوە و لیکۆڵینەوەی خۆی دەکات، بۆ ئەوەی بزانین بە کوێ گەیشتووە.

ئەندامەکەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەشڵێت، بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان سێ ڕەھەندی ھەیە، ڕەھەندی یەکەم ئەمنییە و دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایش لێی بەرپرسن بە ئاراستەی کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەکەن، ڕەھەندێکی دیکە ھەیە ئەویش ھۆشیارییە، کە لەناو لیژنەی باڵا لیژنەیەک ھەیە بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان و لە داھاتوودا بەندە سەرۆکایەتی دەکات و لیژنەکە بەرپرسیارە لە دانانی بەرنامەی کار بۆ ئایندە لەسەر ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەبارەی مەترسییەکانی ماددەی ھۆشبەر.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ عومەر ڕوونی کردەوە، ڕەھەندێکی دیکە ھەیە ئەویش شیاندنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کەسانەیە کە ئالوودە بوونە بە ماددەی ھۆشبەر، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە سەنتەرێکی گەورە بۆ شیاندنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر بوونە دەکرێتەوە.

دەشڵێ، ئەوانەی ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر بوونە، ئێمە وەک قوربانی سەیریان دەکەین، لەو نێوەندەدا ئەو ستراتیژە ئەرکی زیاتری ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی ئالوودە بوونە.

 

قائید میرۆ