Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەھەپە ڕۆڵی گەورەو دیاری سەرۆک بارزانی لە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرز نرخاند

ئەنقەرە-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنقەرە لەگەڵ جێگری سەرۆکی جەھەپە کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا د. ھێمن ھەورامی، سڵاو و ڕێزی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی گەیاند بە پارتی گەلی کۆماری ـ جەھەپە.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی ۲۹ی ٨ی ٢٠٢٥، د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنقەرە سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی گەلی کۆماری ـ جەھەپەی کرد و لەگەڵ نامق تان جێگری سەرۆکی جەھەپە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پەرلەمانتار سەزگین تانریکولو پەرلەمانتار و نوێنەری جەھەپە لە کۆمسیۆنی تایبەتی پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەری پرسی کورد، کۆبووەوە.

لە سەرەتای دیدارەکەدا د. ھێمن ھەورامی، سڵاو و ڕێزی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی گەیاند بە پارتی گەلی کۆماری ـ جەھەپە، هاوکات لەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد لە تورکیا و چەکدانانی پەکەکە، وردەکاری پشتیوانی و ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی و پارتی بۆ ڕوونکردنەوە.

هەر لەو دیدارەدا، نامق تان وێڕای دەربرینی خۆشحاڵی بۆ پێشوازی و دیدارەکە، ڕۆڵی گەورەو دیاری سەرۆک بارزانی و پارتی و ھەرێمی کوردستان لە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد بەرز نرخاند و ھەڵویستی حزبەکەیان و بۆ ھەنگاوەکانی ئێستا و داھاتوو شیکردەوە، هەروەها ھەنگاوەکانی بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا تاوتوێ کران.