Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەو نزیکانە پڕۆژەی وێستگەی ئۆمەراوە دەکەوێتە کار

هه‌ولێر-KDP.info- به گوژمه 1 ملیار و 700 ملیۆن دینار، دەست کرا بە پڕۆژەی دانانى وێستگەی موبایلى ئۆمەراوە، بەمەش كێشەی كارەبای سنووری شارۆچكەی قوشتەپە و 42 گوندی دەشتی هەولێر چارەسەر دەبێت.

وێستگەی موبایلى ئۆمەراوە بریتیە لە دەرهێنانى 6 فیدەر لە وێستگەکە بۆ چارەسەرکردنی بارزۆری 12 فیدەری سنووری شارۆچكەی قوشتەپە و چارەسەری کێشەی 42 گوندى دەشتی هەولێر، کە کێشەی ئۆڤەرلۆد و کەمی ڤۆڵتیەیان هەبوو.

بەکردنەوەی وێستگەی موبایلى ئۆمەراوە نزیکەی %90 کێشەکانی کارەبای سنووری شارۆچكەی قوشتەپە چارەسەردەبێت.

جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ردانێكی پێشووتریدا بژار مەلا خدر قایمقامی قەزای قوشتەپە بۆلای کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، باسیان لە پێداویستیی  کارەبای سنووری قەزای قوشتەپە و دانانی وێستگەیەکی مۆبایل بۆ سنوورەکە کردبوو.

وەزیری کارەبا جەختی لەسەر گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی گواستنەوەی کارەبا و کەمکردنەوەی بارزۆریی سەر تۆڕەکانی کارەبا کرد بوو و ئامادەیی وەزارەتی بۆ هەموو کارئاسانییەک بۆ قەزای قوشتەپە دەربڕی.

ئه‌مڕۆش پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی دانانی وێستگەی موبایلى ئۆمەراوە تەواوبووە و لەو نزیکانە دەکەوێتە کار.