Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوانی بادینان

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئەنفالی بادینان، سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، گوتاری سەرۆک بارزانی خوێندەوە.

سەرۆک بارزانی له‌ گوتاره‌كه‌یدا ڕایگەیاند: 25ـی ئاب ڕۆژێکی تاڵە لە مێژوویی گەلی کوردستاندا، 37ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە بەردەوامی زنجیرە تاوانەکانی بەرانبەر خەڵکی کوردستان و لە قۆناغی هەشتەم و ناسراو بە ئەنفالی بادینان ئەنجام دا، ئەم قۆناغە جیاواز بوو لە هەموو قۆناغەکانی دیکەی ئەنفال، هێزەکانی ڕژێمی بەعس دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگیی نێوان عێراق و ئێران دەستیکرد بە ئەنفالی بادینان.

سەرۆک بارزانی له‌ گوتاره‌كه‌یدا رایگەیاند: ڕژێمی به‌عس هەموو هێزی سەربازی و توانا هەواڵگرییەکانی و هێزە ئاسمانییەکانی بەکارهێنا بۆ ئەم تاوانە دڕندانه‌یه‌، هەروەها ڕۆژێک پێش ئەنفالی بادینان ڕژێمی بەعس دەڤەری بادینانی کیمیاباران کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئەنفال و خاپوورکردنی سەدان گوند و مینڕێژکردنی گوند و زۆربەی دەڤەرەکە، ئامانجی ڕژێم لەناوبردنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی قارەمان و شۆڕشگێڕانی بادینان بوو.

 

ئاماژەی بەوەش کردووه‌،  یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ڕژێم نەهێشتنی ئاسەواری ژیان بوو لەو دەڤەرە، لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتیی بێسەروشوێن و ئەنفال و کیمیاباران کران، ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵ و شوێنیان بەجێهێشت.

سەرۆک بارزانی باسی لەوەش کرد، لەو کاتەی کیمیاباران و لەناوبردن و ئەنفالی گەلی کورد دەکرا، ناخۆشترین و تاڵترین ڕۆژی ژیانم بوو، وەبیرمە برووسکەیەکم بۆ لقی یەکی پارتیمان نارد و لە وەڵامدا ڕایانگەیاند: جەماوەری گەمارۆدراو ئاماژە بەوە دەکەن ئامادەین لێرە بمرین، بەڵام خۆمان ڕادەست ناکەین، ئەم هەڵوێستە بۆ هەموو کوردێک و ئازادیخوازێک جێگای شانازی بوو، هیچ ڕووداوێک بە ئەندازەی ئەم تاوانکارییە نەیگریاندم.

لە کۆتاییدا رایگەیاند: دوای 37ساڵ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە دەبینین چیان بەسەر هاتووە و گەیشتن بە سزای خۆیان، پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بادینان و تەواوی ناوچەکانی دیکە بکاتەوە، باشترین وەفا و ڕێز بۆ قوربانییانی ئەنفال یەکڕیزی و یەکگرتنە. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان بۆ زێدی خۆیان.