Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: گفتوگۆكانی پارتی و یەکێتی بەردەوامن.. هەرێم و بەغدا لە گفتوگۆیەکی چڕدان

ھەولێر-KDP.info- دوای بەشداربوونی لە کۆنفرانسی جینۆسایدی ئێزدییان لە زانکۆی کوردستان لە شاری هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە هەوڵەکانی دابینکردنی مووچە، دۆخی سلێمانی و هەناردەکردنەوەی نەوت کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی چڕدان، هیوادارین نزیکبین لەوەی بگەینە چارەسەرێک. کۆبوونەوەکان بۆ ئەو مەبەستە لە هەولێر و بەغداش بەردەوامن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "کاری لەپێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چۆن کێشەی مووچە چارەسەر بکات. من خۆم وای دەبینم لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێ". 

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رووداوەکانی 22ـی ئاب لە سلێمانی گوتی: "پەیاممان لەسەر رووداوەکانی سلێمانی هەبووە. ئەوەی لای ئێمە گرینگە هەموو بابەتەکان بەشێوەیەکی یاسایی بەڕێوەبچن". 

لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لە دانوستاندنێکی زۆر چڕداین. دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا قسەم کرد لەسەر ئەو بابەتە. لەگەڵ کۆمپانیاکانیش قسەمان کردووە. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە بە زووترین کات ببینین نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێتەوە".

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە، بەڵام هیچ کاتێک دیار نییە و ئەوەی هەیە گفتوگۆیەکی تەواو هەیە".

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکی دیکەدا لەبارەی ڕووداوەکانی سلێمانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئینشاڵڵا چارەسەر دەبێت. ئەوەی گرینگە سەروماڵی هاووڵاتییان بپارێزرێ و بابەتەکە ڕێڕەوی یاسایی وەربگرێت. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێت یاسا سەروەر بێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان بەمشێوەیە وەڵامی رۆژنامەوانانی دایەوە: "هەنگاوی باش چووەتە پێش، پرۆسەیەکی ئاسان نییە بە شەو و ڕۆژێک بچێتە سەر، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە ڕاستە پڕۆسەکە خاوە، بەڵام هەنگاوی جیدی هەیە".

لەبارەی سەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "نیازمان هەیە و دەچین، نازانم کەی دەچین، بەڵام بەغدا پایتەختی ئێمەیە و هەرکات پێویست بێت دەچین".