Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی هاوخەمی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ کۆچی دوایی هەڤاڵی تێکۆشەر (سەید کاکە)

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی کەسایەتی تێکۆشەر و ماندوونەناس و پێشمەرگەی خەباتگێڕ (سەید کاکە) ده‌ڵێ، بە دڵتەنگییەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و کەسوکاری و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی و سەرجەم هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو و هەڤاڵانی پارتیمان دەکەین.

دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ خانەوادەی هەڤاڵی تێکۆشەر (سەید کاکە).

بەڕێزان خانەوادەی هەڤاڵی تێکۆشەر (سەید کاکە)

خەمباربووین بە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی تێکۆشەر و ماندوونەناس و پێشمەرگەی خەباتگێڕ (سەید کاکە).

بە دڵتەنگییەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و کەسوکاری و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی و سەرجەم هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو و، هەڤاڵانی پارتیمان دەکەین.  

هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (سەید کاکە) کەسایەتییەکی ناسراو و کادیرێکی دێرین و پێشمەرگەیەکی ماندوونەناس و چاونەترس و دڵسۆز بوو، لە قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیماندا ڕۆڵی شیاو و دڵسۆزانەی خۆی گێڕاوە و کەسایەتییەکی دیار و ناسرا و نیشتیمانپەروەر بوو و، لە ماوەی خەباتی بێوچانیدا بەشداری چەندین داستان و قارەمانێتی کردووە.

دوای ڕاپەڕینی گەلەکەشمان لە ئاداری(١٩٩١) و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێگەی دیاری هەبووە و لە کار و لێپرسراویەتی حزبی و حکوومی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەردەوام بووە لەوانە لە ساڵی (١٩٩٣) لە کۆنگرەی یازدەیەم به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌ و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان بوو، لە كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتیمان له‌ شاری هه‌ولێر له‌ ساڵی (٢٠١٠) له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ مێدالیای بارزانیی نه‌مری پێ به‌خشـرا.

دووبارە بە ناوی خۆمان و هەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندی پارتیمان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین خانەوادەی تێکۆشەری خوالێخۆشبوو (سەید کاکە) لە خەم و کۆستی دیکە بە دوور بن و، لە خوای گەورە داواکارین رۆحی پاکی هەڤاڵی کۆچکردوومان بە بە هەشتی بەرین شاد بکات.  

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٤ی ئابی ٢٠٢٥