ھەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، داعش بەردەوام لە ھەندێک ناوچە جموجۆڵی ھەیە و مەترسین، بۆیە پێویستە ئەو مەترسیە بەھەند وەربگرین و ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر بکرێت ئەگەرنا کارەکە قورستر دەکات.
لیوا فایەق ئەنوەر مزووری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "تاوەکو ئێستاش جموجۆڵی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و ناوچە کوردستانیەکانیش بەردەوامی ھەیە و ھێزەکانیش بەردەوام چاودێریان دەکەن و پێویستە چاودێریەکی چڕتریان بکرێت و زۆر جاریش کە زانیاریمان پێگەیشت بە فرۆکەش بۆردوومان دەکرێن، چونکە ھەر لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو دووجار بە فڕۆکە بۆردوومانکراون، لەبەر ئەوەی لەبەغدا و لە کەرکووک و دووزخورماتوو و مەخموور و ھەندێک شوێنی دیکە جموجۆڵیان ھەیە.
لیوا فایەق ئەنوەر مزووری گوتیشی، پێویستە ھەماھەنگیەکی باش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەبێت و ئەگەر ھەماھەنگی نەبێت کارەکە قورستر دەبێت بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە، بۆیە ھەماھەنگی باش ھەن لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە و بۆ ھەرکارێک ھەماھەنگی دەکەن لەھەر شوێنێک جموجۆڵی داعش ھەبێت ئۆپراسیۆنی ھاوبەشیش ئەنجامدەدرێت، چونکە ئەو ھەماھەنگیە وادەکات ڕێگری لەسەرھەڵدانەوەی داعش بکرێت.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەشڵێت، "داعش لەعێراق کۆتایی نەھاتووە و ئێستاش جموجۆڵیان ھەیە و ھەوڵدەدەن کردەوە ئەنجامبدەن، وداعش ھەرماوە ومەترسیشە بۆ سەر عێراق ،بۆیە پێویستە ئەو مەترسیەی داعش بەھەند وەربگرین و ڕێگە نەدرێت جموجۆڵیان ھەبێت و کردەوە ئەنجامبدەن.
بڵند ئیبراھیم