شنگال -KDP.info- بەرپرسی لقی١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال گوتی "بڕیاری وەزارەتی کۆچ وکۆچبەران لەبارەی ئاوارەکان دژی دەستوور، یاسا، بنەما نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤە، بەھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین و ھەموو ڕێگایەک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێ بەجێ نەکرێت."
نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بۆ داخستنی دەرگای کەمپەکان و هەژمارکردنی ئاوارەکانیش وەکو خەڵکی ئەو ناوچانەی بە ئاوارەیی لێی ماونەتەوە، بڕیارێکی دژی یاسا، دەستوور و ھەموو بنەماکانی نێودەوڵەتییە، ئەو بڕیارە سڕینەوەی ئاوارە و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانیانە، سەرەڕای ئەوەی ئەوانە ماوەی ١١ ساڵە ئاوارەن، لەجیاتی ئەوەی بێن خزمەتیان بکەن و مافیان پێ بدەن، دوای ئەو کارەساتە بێن ھەوڵ بدەن ئاوارە نەھێڵن و ڕێ لە گەرانەوەیان بگیرێت، کارەساتێکی گەورەیە. پێویستە خەڵک بگەڕێتەوە سەر شوێن و زێدی خۆی، نەک بەو شێوەیە بڕیاری لەدژ بدرێت. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بودجەیەکی زەبەلاحی لەبەر دەست دایە، لەجیاتی ھاوکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات و قەرەبوویان بکاتەوە، جێگەی داخە تا ئێستا ھیچ خزمەتی نەکردوون، ئێستا بۆ مەبەستی سیاسی، وەزارەتی بەسیاسی کراو بڕیارێک دەردەکات یاسا و دەستور پێشێل دەکات و دیموگرافیای ناوچەکەیان دەگۆڕێت."
نازم ھەرکی گوتیشی "ھەموومان کارمان دژی ئەو بڕیارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە، تەنانەت ڕەنگە وەزیری کۆچ و کۆچبەران بانگێشتی پەرلەمان بکرێت، چونکە ئەوەی کراوە دژی مرۆڤایەتییە، ناکرێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، لە عێراق دەستوور، یاسا و مافی مرۆڤ جێبەجێ ناکرێت و دژی ئاوارەکانن، چونکە وەزارەتێک بەسیاسی کراوە، ناکرێت بڕیاری سیاسی دژی ئاوارەکان بدەن."
دەشڵێت "ئەوان بڕیاریان داوە دەرگای کەمپەکان دابخرێن، ئاوارەکانیش لەکوێ ئاوارەن لەوێ نیشتەجێ بکرێن، ئێزدییەکان لە دھۆکن، لەوێ نیشتەجێ بکرێن ئەوانیش لە مێژوودا کەس نەیتوانیوە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەریان بکات و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، زیاتر لە ٧٠ فەرمانیان بەسەردا ھێندراوە بەڵام شوێنی خۆیان بەرنەداوە، بۆیە ئێستا عێراق بێت بە بڕیارێک ڕێ لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال بگرێت، کارەساتێکی گەورەیە و قابیلی قبوڵ نییە، ھەوڵی جدی دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت."
بڵند ئیبراھیم